یەکێتیی ئەوروپا: رێککەوتنی نێوان به‌غداو هه‌رێم له‌ باره‌ی مووچه‌ دەبێتە هۆی سەقامگیریی


وێستگه‌نیوزـ

یەکێتیی ئەوروپا خۆشحاڵی خۆی لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچە دەربڕی و رایگەیاند، "رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی سەقامگیریی".


تۆماس سایلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق رایگەیاند، بەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، لەسەر تەرخانکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دڵخۆشن.

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەم جۆرە رێککەوتنانە سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی زیاد دەکەن. یەکێتیی ئەوروپا بەردەوام هانى هەموو لایەنەکان دەدات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش".

سایلەر ئاشکراشی کرد، لە چەند هەفتەی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادەیی خۆی بۆ گوێگرتن لە هەموو لایەنەکان دووپاتکردەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".

هاوكات مه‌سرور بارزانی، سوپاسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کردووە کە هاوکار بوون تا پێکەوە بتوانن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە: "لەم دوو رۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت".

هاوكات ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌ستی به‌ ناردنی پاره‌ی مووچه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و 130 ملیار دیناری بۆ پاره‌ی مووچه‌ی مانگی سێ ره‌وانه‌ كرد.


PM:03:48:04/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت