بارزانی: پێویستە حکومەتی عێراق موڵك و ماڵی کوردانی فەیلی بگەڕێنێتەوە و قەرەبوویان بکاتەوە

‌مه‌سعود بارزانی

وێستگه‌نیوزـ

مه‌سعود بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدى كوردانى فه‌یلى رایگه‌یاند، تاوانی کوردانی فەیلی تەنیا پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە. بە پێویستیش دەزانێت حکومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی نیسانی 2024، مه‌سعود بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدى كوردانى فه‌یلى، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند، "خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە، تەنیا تاوانیان پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە".

بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدان هەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی  لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، تاوان و زوڵمێكی زۆر گەورە بوو، بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە رێكخستوانەی كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە".

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق ئەركی خۆی "بۆ گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ و ناسنامە و قەربووكردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی" جێبەجێ بكات.




AM:11:53:04/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت