نێچیرڤان بارزانی: داوا دەکەین حکومەتی عێراق كوردانى فه‌یلى قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌

‌نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 44 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند، "داوا دەکەین حکومەتی عێراق كوردانى فه‌یلى له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، ره‌گه‌زنامه‌ و موڵك و ماڵیان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات".

 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "جینۆسایدى كوردانى فه‌یلى و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى سڕینه‌وه‌ و تاوانه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان، مێژوویه‌كى ره‌ش و رابردوویه‌كى تاڵى پڕ له‌ هه‌ڵه‌ى عێراقه‌ كه‌ بووه‌‌ هۆى نه‌هامه‌تى و ناسه‌قامگیرى بۆ وڵات".
 
جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە عێراق بە چەندین قۆناخ دەستی پێکردووە، هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا رژێمی بەعس. گەورەترین قۆناغی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 1980 بەپێی بڕیاری 666ـی بەعس، کوردانی فەیلی لە ماڵ و حاڵیان دەرکران و بێبەشکران و بڕیاردرا هەموو موڵکەکانیان لێوەربگیرێت.
 
بەپێی ئامارەکان، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو زیاتر لە 22 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێنکران، 5000 کاسبکار و بازرگانی فەیلی زیندەبەچاڵ کراون. هەروەها 600 هەزار کوردی فەیلی لە عێراق بۆ ئێران دەرکران، ئەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کەسیان لە رێگەی دەربەدەریدا.
 
نێچیرڤان بارزانی باسی له‌وه‌شكردووه‌، کوردانی فەیلی "له‌به‌ر كوردبوون و پشتگیرییان له‌ شۆڕشى كوردستان، رووبه‌ڕووى كوشتن، گرتن، ده‌ركردن و بێسه‌روشوێنكردن بوونه‌وه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ و سامان و ماڵ و حاڵیان لێسه‌نرایه‌وه‌‌"، بۆیە باس لەوە دەکات، "ده‌بێت ئه‌و رابردووه‌ بۆ هه‌موومان ببێته‌ په‌ند و وانه‌ و بۆ داهاتوویه‌كى باشتر له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكه‌وه‌یى و یه‌كترقبووڵكردن له‌ عێراق، سوودى لێ وه‌ربگرین".
 
دەقی پەیامەکە:
 
ئه‌مڕۆ یادى به‌ ئازارى چل و چوار ساڵه‌ى جینۆسایدى هه‌زاران كوردى فه‌یلى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ شاڵاوێكى دڕندانه‌ى رژێمى ئه‌وساى عێراقدا، له‌به‌ر كوردبوون و پشتگیرییان له‌ شۆڕشى كوردستان، رووبه‌ڕووى كوشتن، گرتن، ده‌ركردن و بێسه‌روشوێنكردن بوونه‌وه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ و سامان و ماڵ و حاڵیان لێسه‌نرایه‌وه‌‌.
 
له‌م یاده‌دا داواكاریمان له‌ حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌پێى بڕیارى دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق كه‌ ئه‌و تاوانه‌ى به‌ جینۆساید ناساند، كوردانى فه‌یلى له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، ره‌گه‌زنامه‌ و موڵك و ماڵیان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه و كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات‌، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵ و كۆششدا ده‌بین و هه‌رچى پێویست بێت هاوكار ده‌بین.
 
جینۆسایدى كوردانى فه‌یلى و هه‌موو هه‌وڵه‌كانى سڕینه‌وه‌ و تاوانه‌كان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان، مێژوویه‌كى ره‌ش و رابردوویه‌كى تاڵى پڕ له‌ هه‌ڵه‌ى عێراقه‌ كه‌ بووه‌‌ هۆى نه‌هامه‌تى و ناسه‌قامگیرى بۆ وڵات. ده‌بێ ئه‌و رابردووه‌ بۆ هه‌موومان ببێته‌ په‌ند و وانه‌ و بۆ داهاتوویه‌كى باشتر له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكه‌وه‌یى و یه‌كترقبووڵكردن له‌ عێراق، سوودى لێ وه‌ربگرین.
 
سڵاو و دروود له‌ یاد و گیانى پاكى شه‌هیدانى كوردى فه‌یلى و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2024/4/4


AM:11:17:04/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت