حەلبووسی: ئێران و عێراق بە بەرنامە فشار دەخەنە سەر هەرێمی کوردستان و پارتی

‌محەمەد حەلبوسی

وێستگه‌نیوزـ

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پارتی تەقەدووم رایگەیاند، ماوەی ساڵێک زیاترە فشاری بەرنامە بۆ داڕێژراو لەلایەن بەغداوە لە دژی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، هەروەها دەڵێت، "ئەو فشارانە و هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە".
 
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق له‌ دیدارێكدا لەگەڵ کەناڵی سۆمەرییەی عێراقی باس لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات و دەڵێت: "بەڕاشکاوی قسەم کرد و وتم بەسە با ئەوەندە گوشار لە کورد نەکەین".
 
سەرۆکی پێشووی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کردووە، "فشارێکی تێکەڵە هەیە، با بەڕاشکاوی قسە بکەین، ئێمە ئەوانمان دەوێت یان نا؟ ناکرێت ئەوان لە هاوپەیمانیێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەگەڵمانن و بەشێک بن لە حکومەت و لە هەموو جومگەکاندا ئەوان تۆمەتباردەکرێن".
 
حەلبووسی باسی لەوەش کردووە، کورد لەگەڵ هەر لایەنێک رێکبکەوێت لایەنەکەی دیکە کێشەی بۆ دروستدەکات، "لەگەڵ حکومەت دادەنیشن و رێکدەکەوین، رێککەوتنەکە لە پەرلەمان پەکیدەکەوێت، بەشێک لە رێککەوتنەکە لە پەرلەمان تێدەپەڕێندرێت، لە دادگەی فیدڕاڵی پەکیدەکەوێت، ئەوە جگە لەوەی راگەیاندن و دەسەڵاتی چوارەم گوشاری هەیە، لە هەندێک لە دۆسییەکان ئەوان لەسەر هەقن، لە هەندێک دۆسییەش پێویستیان بە خۆداچوونەوە هەیە."
 
حەلبوسی لەبارەی فشار خستنەسەر هەرێمی کوردستان و پارتییەوە دەڵێت، "بەمدواییانە کە ساڵێک و زیاتر دەبێت، کورد، بەدیاریکراویش پارتی دیموکراتی کوردستان رووبەڕووی بڕیاری بەدوای یەکدا دەبنەوە، بڕیار دوای بڕیار، بڕیارەکە جارێک فیدڕاڵییە، جارێک لە حکومەتەوەیە، جارێک لە پەرلەمانەوە، جارێک میدیایی، جارێکی دیکە رای دەنگدانەوەیەکی کۆمەڵایەتی، لەپشتەوەی ئەوانە بەرنامە هەیە، واتە هەروا هەڕەمەکی و لەخۆوە نییە، بەرنامەیەک هەیە و حساباتێکی کۆنە و بەو شێوەیە دەکرێت، ئەوە بۆ دۆخی عێراق دروست نییە، دەزانیت بەشێکی پەیوەندیی بە دۆخی هەرێمییەوە هەیە."
 
ئەو سەرکردە عێراقییە پێیوایە ئەو فشارانە پەیوەندییان بە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لە 15ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە هەیە، کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی 16 کەسی دیکە، لەنێویاندا پێشڕەو دزەیی، سەرۆکی گرووپی فاڵکۆن.
 
سەرۆکی پارتی تەقەدووم دەڵێت، "ناکرێت ئێران مووشەکبارانی هەولێر بکات و لە بەغداشەوە بڕیار بدرێت، هەروەها فشاری سیاسیی یان دارایی یان یاسایی بێت لەسەر هەرێمی کوردستان بێت، ئەوە وا لێکدەدرێتەوە بە بەرنامەیە، بەشێوەیەکی رێک و بەبەرنامە دەڕوات، ئەم بابەتە بنچینەی هەیە و مووشەکباران و ئەو گوشارانە پەیوەندیییان بەیەکەوە هەیە."
 
لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە، کە لە نێوەڕاستی ساڵی رابردووەوە کێشەی بۆ دروستبووە، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان باسی ئەوە دەکات کە "ناهەقی" بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت و راشکاوانە ئاماژەی بەوە دەکات، "ئێستا بودجە نزیکەی 200 تریلیۆن دینارە، باسی رێژەی کورد دەکەین و دەڵێین 12.6%ـی بودجەکەیە، ئەو رێژەیە چەند دەکات لە 200 تریلیۆنەکە؟، پرسیاری یەکەم لە خۆمان بکەن ئایا 25 تریلیۆن و  200 ملیار دینارە وەردەگرن؟ وەڵامەکە نەخێر."
 
محەمەد حەلبوسی جەخت دەکاتەوە کە رێژەی کورد لە بەغدا و لە دامەزراوەکان وەکو پێویست نییە و دەڵێت"12.6%ـی کورد لە دامەزراوەکانی عێراق نین".
 
حەلبووسی لە دیداره‌كه‌دا باسی چەندین بابەتی دیکەی ناکۆکییەکان لەگەڵ شیعە و جێبەجێنەکردنی کارنامەی محەمەد شیاع سوودانی و کێشەکانی دیکە دەکات، سەبارەت بە ئەگەری بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی و دەڵێت، تا بۆیان بکرێت لە پڕۆسەی سیاسی دەمێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەیەک بە کشانەوە دەدات.
 
محەمەد حەلبوسی باسی ئەو یاسایانەش دەکات کە پەکخراون و لە کارنامەی حکومەت و رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی محەممەد شیاع سودانیدا ئاماژەیان بۆ کراوە و رایگەیاندووە، "پەیوەست بەو یاسایانەی رێککەوتنی لەبارەوە کراوە، کارنامەی حکومەت، شەرمەزارییەکی کۆمەڵایەتی هەیە، رووبەڕووی هەموومان دەبێتەوە، چونکە جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە بۆ هەڵبژاردن و دادەنیشین و کارنامەیەکی دیکە دەنووسینەوە، سادەترین شت کە هاووڵاتیی ئەو پێکهاتانە پرسیارمان لێدەکات دەڵێت، ئێوە ئەو ساڵە دانیشتن و نووسیتان و جێبەجێتان نەکرد، بۆیە کاتمان مەکوژن و بڵێن جارێکی دیکە دەینووسینەوە".


PM:08:36:03/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت