نێچیرڤان بارزانی و رۆمانۆسكی جه‌ختیان له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا كرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

دوای سه‌ردانیكردنی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، بالێۆزی ئه‌مریكا سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمیشی كرد و له‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوانیاندا پرسی هه‌ڵبژاردن و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا تاوتوێ كراوه‌.

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئاشكرا كردوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاماژه‌ی به‌ ته‌وه‌ره‌كانی داوه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كانی باره‌گای بارزانی و فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری كه‌ به‌ روونی و وردتر چونه‌ته‌ ناو باسی هه‌ڵبژاردن و پرسی بودجه‌ و موچه‌ و به‌شداریكردنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردن ونیگه‌رانییه‌كانی بارزانی له‌ بریاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 30ی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێشوازی‌ له‌ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراق كرد و دوایین پێشهاته‌كانی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ و ناوخۆی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌ولێر ـ به‌غدا و پرسی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و ‌په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان، تاوتوێ كران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی و رۆمانۆسكی بیروڕایان لەبارەی "گرنگیی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و تێبینی‌ و نیگه‌رانیی‌ لایه‌نه‌كان گۆڕییه‌وه‌ و جه‌ختیان له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستور و پاراستن و مسۆگه‌ریی‌ مافی‌ هه‌مووان كرده‌وه‌."

ته‌وه‌رێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ش‌ مه‌ترسی‌ و هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ تیرۆر و چه‌ند پرسێكی‌ دیكه‌ی‌ جێی‌ بایه‌خی‌ هه‌ردوولا بووه‌.


PM:09:06:30/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت