وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم: رۆژی شه‌ممه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی دوو ده‌كرێت


وێستگه‌نیوزـ

رۆژی شەممەی داهاتوو 30ی ئاداری 2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و گۆڕانكاری له‌ ریزبه‌ندی لیسته‌كه‌دا ده‌كرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئاداری 2024، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو، 30-03-2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد: "لیستی مووچەی ئەم مانگە جیاواز دەبێت و بە گوێرەی پارەدارکردن لەلایەن بەغداوە دەبێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ژمێركاری له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم بۆ كوردستان 24 وتیشی، "سەرەتا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینی پێشمەرگە دەدرێت".

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە راگەیەندراون، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقی، بڕی زیاتر لە 600 ملیار دیناری پارەی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیان وەرگرتووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 27ی ئادار، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی دارایی راسپاردووه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی دوو و ئاماده‌كاری بكات بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی سێ.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ زیاتر له‌ 55 رۆژه‌ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌مه‌ش دۆخی ئابووری و بژێوی ژیانیانی قورس كردووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ زۆرێك له‌ فه‌رمانگه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌كانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ فه‌رمانبه‌ران بایكۆتیان كردووه‌.


PM:02:03:28/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 110844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت