سۆران عومه‌ر: تەنها ویستتان مووچە لەکاتی خۆیدا نەدەن!

‌سۆران عومه‌ر

وێستگه‌نیوزـ

سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق راگه‌یاند، نە پارەی سەربازی هات و نە ئەوانەی وتتان وابوو تەنها ویستتان مووچە لەکاتی خۆیدا نەدەن، ده‌شڵێت، داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم (نەوتی و نانەوتی) لە 600 ملیار دینار زیاترە. 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ی ئاداری 2024، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا و تیایدا مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وه‌زاره‌تی دارایی راسپارد كه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی دوو و ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئادار بكرێت.

لای خۆیه‌وه‌ سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌، "هەرچیتان وت لەماوەی ئەم 17 رۆژەدا وەک بەهانە بۆ دابەش نەکردنی مووچەی مانگی دوو هیچی وانەبوو، تەنها دەتانەوێت  بە دوو مانگ مووچەیەک بدرێت".
 
باسی له‌وه‌شكرد: لە 8ی ئادار لیستی مووچەتان نارد دوانیوەڕۆی پێنجشەمە بوو، وەزارەتی دارایی عێراق هەینی و شەمە دەوامی کرد و لەیەکشەممه‌ (11ی ئاداری 2024) بڕی 608 ملیار دینار خرایە سەر حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام دابەشتان نەکرد. 

سۆران عومه‌ر ئه‌وه‌شی تووه‌، دوای ئه‌وه‌ی مووچه‌تان دابه‌ش نه‌كرد وتتان دابەشکردنی ئەو پارەی بۆ مووچە هاتووە بەشی مووچە ناکات، داهاتی ناوخۆ بەش ناکات!

"پارەی هێزی سەربازی و ئەمنی نەیەت ئەو پارە وەرناگرین و دابەشی ناکەین، ئەمە جیاکاری و ناکۆکی ئەخاتە نێوان خەڵکی کوردسان، وتتان ئەم جۆرە لە مووچە پێدان قبوڵ ناکەین و ئەوەی پشتیوانی عێراقەکات لەم بابەتەدا خائینە!"، سۆران عومه‌ر وای نووسیوه‌.

ده‌شڵێت: "بەڵام نە پارەی سەربازی هات و نە ئەوانەی وتتان وابوو، تەنها ویستتان مووچە لەکاتی خۆیدا نەدەن، ئەگەرنا، داهاتی مانگانەی ناوخۆی هەرێم (نەوتی و نانەوتی) لە 600 ملیار زیاترە". 

سۆران عومه‌ر باسی وه‌زیری دارایی عێراق ده‌كات و ده‌ڵێت، ئەمڕۆ له‌ په‌رله‌مان له‌ تەیف سامی، وەزیری داراییم پرسی مووچەی سەربازی هەرێم کەی دەنێرن؟ وتی هەرێم لیستی نەناردووە چی بۆ بنێرم؟ یانی چی سوپاو حەشدو هەواڵگری عێراق لیست ئەنێرێ هەرێم ناینێرێ.


PM:08:23:27/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت