بایكۆتی ده‌وام له‌ سنووری ئیداره‌ی راپه‌ڕین چه‌ندان فه‌رمانگه‌ی گرته‌وه‌


وێستگه‌نیوزـ ئەمیر حەسەن

بایکۆتی فەرمانبەران لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تا دێ بەرەو فراوانبوون دەڕوات ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی راپەڕین بایکۆتیان دەوام گیان راگەیاند.


ماوەی چەند ڕۆژێکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین هەریەکە لەدادگاکانی رانیە و پشدەر و حاجیاوا و خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای راپەڕین، بەڕێوەبەرایەتی خانوبەرەی راپەڕین، بایکۆتی دەوامیان کردووە.

بەپێی زانیاریەکانی وێستگە نیوز بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان کەدوام دەکەن فەرمانبەران رۆژێک یان دوو رۆژ دەوام دەکەن.

ئەمڕۆ 55  رۆژ بەسەر راگەیاندنى لیستى مووچەى مانگى یەکى 2024 تێدەپەڕێت و لەو کاتەشەوە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دابەشنەکراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند: "ئێمە وەک ناوەندە تەندروستیەکانی سنوورەکەمان درک بەو دۆخە سەختە داراییەی بەرۆکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی گرتووە دەکەین، بەڵام نامانەوێت سەرەڕای خراپی گوزەرانی مووچەخۆران ببینە هۆکارێکی تربۆ قورسترکردنی ئەرکی سەرشانی هاووڵاتیان لەو دۆخە سەختەدا".

ده‌شڵێت: "بۆیە ناوەندە تەندروستیەکانمان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن خزمەتی هاووڵاتیان بکەن، چونکە کاری ناوەندە تەندروستیەکان مامەڵەی راستەوخۆیە لەگەڵ گیانی هاونشتیمانیان و پەیوەندی بەمردن و ژینەوە هەیە، بۆ یە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایمان ویژدانمان رێگەمان پێ نادات دەرگای ناوەندە تەندروستیەکان بەڕووی خەڵکی خۆماندا دابخەین لەهەستیارترین حاڵەتی مردن و ژیندا".


PM:02:18:26/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو