وەزارەتی‌ نەوتی‌ عێراق: حکومەتی‌ فیدراڵ زەرەرمەندی‌ یەکەمە


وێستگه‌نیوزـ

وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق، له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا به‌بۆنه‌ی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر ڕاگرتنی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان  ڕایگه‌یاند لە راگرتنی‌ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان حكومه‌تی‌ فیدرالی‌ زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌مه‌.


رونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ وەزارەتی‌ نەوتی‌ عێراق  11 خاڵه‌، تیایدا هاتووه‌" هەناردەی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە رێگەی‌ تورکیاوە بەهۆی‌ بڕیاری‌ تورکیا راگیراوە لەسەر بنەمای‌ بڕیاری‌ دادگەی‌ نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی‌ لە پاریس.

به‌ڵام هاوكات رونیكردۆته‌وه‌ كه‌  "ئەو راگرتنە لەسەر بنەمای‌ بڕیارێکی‌ عێراقی‌ فیدراڵ نەبووە."
 
وەزارەتەکە هەروەها دەڵێ "لەدوای‌ شەش مانگ لە دانوستاندن لەنێوان عێراق و تورکیا، هەردوولا گەیشتنە ئەو رێککەوتنەی‌ کە ئەو هێڵەی‌ نەوتەکەی‌ پێدا هەناردە دەکرا، بخرێتەوەکار و لەزووترین کاتدا کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر بکرێن، کە ببوونە هۆی‌ داخستنی‌ ئەو هێڵە." دەشڵێ "حکومەتی‌ فیدراڵ زەرەرمەندی‌ یەکەمە لە راگرتنی‌ ئەو هەناردەکردنە."
 
وەزارەتی‌ نەوت رایگەیاندووە "ئێستا گرنگترین هۆکاری‌ راگرتنی‌ هەنادەکردنەوەی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ کوردستان ئەوەیە؛ کۆمپانیا بیانییەکان کە لە هەرێمی‌ کوردستان کار دەکەن، رێگرن لەوەی‌ بە فەرمی‌ نەوتە بەرهەمهێندراوەکەیان رادەستی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بکەن بۆ ئەوەی‌ بەگوێرەی‌ یاسای بودجەی‌ گشتیی فیدراڵی‌ هەناردە بکرێت، ئەوانەش ئەو کۆمپانیایانەش دەگرنەوە کە بەشێکن لە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور."
 
ئەو وەزارەتە ئاماژەی‌ بەوە داوە "ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە نەوتی‌ بەرهەمهێندراویان لە کێڵگەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستانەوە بەگوێرەی‌ یاسا رادەست بکەن، دەتواندرێت لەماوەیەکی‌ کەمدا دەست بە هەناردەکردنەوەی‌ نەوت بکرێتەوە."
 
ئەو راگەیێندراوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەک ساڵ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) 22ـی ئەم مانگە راپۆرتێکی لەبارەی زیان و گفتوگۆکان لەبارەی راگرتن و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردبووەوە و رایگەیاندبوو؛ لەماوەی ساڵێکدا 11 ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە.
 
ئەپیکور جەختی کردبووەوە لەوەی "لە 25ـی ئاداری 2023 هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە راگیرا، لەو رێککەوتەوە، نە ئەپیكور و نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە".


AM:09:34:25/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت