وتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان: چیتر درێژە بە نان بڕین و بەبارمتەگرتنی مووچه‌ی هاوڵاتیان مه‌ده‌ن


وێستگه‌ نیوزـ

 وتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان سەبارەت بە دواخستنی دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و١٢ ی ٢٠٢٣ و مانگەکانی شوبات و ئازاری ٢٠٢٤،  ڕایگەیاند: بەئەرکی حکومەتی دەزانین کە بەبێ پاساو و بێ دواکەوتن ،مووچەو شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و خانەنشینان دابین بکات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، سوبحی مەهدی، وتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان ده‌ڵێت: لەسەرانسەری دونیادا، سیستمی حوکمڕانی هەرشێوەیەک بێت، دەسەڵات بەرپرسە لە زامنکردنی ئارامی وئاسایش وخزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ئاووکارەباو خوێندن و تەندروستی، و مووچەی کارمەندانی دەوڵەت و خانەنشینان.

 ناوبراو باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌ بەهۆی فشاری حکومەتی عێراق بۆ سەر هەرێم، و خەمساردی وبەجێ نەهێنانی ئەرکەکانی حوکمڕانی, لە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە،  "زۆرینەی گەلەکەمان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی ژیان بووەتەوەو سەرەڕای رێک نەخستنی شێوازێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی هەنگاو بەهەنگاوی مووچە بڕاو و پاشەکەوتکراوەکان، وابۆ شەش مانگ دەچێت تەنها یەک مووچە دابینکراوە، کە ئەمکارە ناڕەوایە  ژیانی مووچەخۆرانی سەختتر کردوە و کاریگەری خراپی لەسەر جووڵەی بازاڕ و ئەودوای جەماوەری خاوەنکاری کوردستان  کردوە."

  وته‌بێژی حزبی شیوعی كوردستان، دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ به‌ پاڵنەرێك ده‌زانێت كه‌ وای له‌ کارمەندان و مووچەخۆرانی هەرێم كردوه‌ کارەکانیان رابگرن و و بایکۆتی دەوام بكه‌ن و ده‌ڵێت: "ئەگەری پەکخستن و وەستاندنی کاروباری ڕۆژانەی دامەزراوەکان هەیە لە سەرانسەری هەرێمدا."

 سوبحی مه‌هدی هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی له‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاندوه‌و وتویه‌تی: ئێمە لەحزبی شیوعی کوردستان وێرای پشتیوانیمان بۆ هەموو ڕێکارە مەدەنییەکانی مووچە خۆران  و دروستکردنی فشار بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان، بەڕەوای دەزانین و بەئەرکی حکومەتی دەزانین کە بەبێ پاساو و بێ دواکەوتن ،مووچەو شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و خانەنشینان دابین بکات. چیتر مافی هاووڵاتیان بەپاساوی ناڕەوا و بەململانێی بێ ئەنجامی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت ،درێژە بە نان بڕین و بەبارمتەگرتنی مووچەکانیان نەدات.


PM:07:42:24/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو