سۆران عومه‌ر: گومان لەسەر لیستی ناوی 67 هەزار مووچەخۆری هه‌رێم هەیە

‌سۆران عومەر

وێستگه‌نیوزـ

سۆران عومه‌ر، ئەندامی لیژنه‌ی ئابووری له‌ ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرای دەکات کە هەرێمی کوردستان زانیاری پێچەوانەی دەربارەی مووچەخۆران داوە بە بەغدا و لە لیستەکەدا 67 هەزار ناو هەیە کە گومانیان لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی داهاتی 20 مەرز بۆ لیژنەی دیوانی چاودێری دارایی ئاشکرا نەکراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئاداری 2024، سۆران عومەر، به‌ رووداوی راگەیاند: گرفتی زۆر لە لیستی مووچەی هەرێمی کوردستاندا هەیە لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا بە پێی لیستەکە مووچەی ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشی ناکات.

وتیشی: "ئەنجومەنی وەزیران کارێکی زۆر خراپی کردووە کە مووچەی مانگی دووی دابەش نەکرد و ئێستا ناتوانین داوای مووچەی مانگی سێ بکەین".

سۆران عومەر، رەتیکردەوە کورتهێنان هەبێت بۆ دابەشکردنی مووچە و رایگەیاند، رۆژانە نەوت دەفرۆشن و بە دانپێدانانی وەزیری دارایی بەرمیلی دەدەن بە 30 دۆلار.

پەرلەمانتارەکەی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری باسی له‌وه‌شكرد: کە ئەو راپۆرتەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداوە ئیمزای لەسەر کراوە دەریدەخات کە زانیاری پێچەوانە دراوە بە بەغدا.

ده‌شڵێت: "67 هەزار ناو لە لیستی مووچەدا هەن گومانیان لەسەرە، چونکە ناوی دایکیان لە لیستەکەدا نییە و ناتوانرێ وردبینیان تێدا بکرێت".

وتیشی: "تەنها لە وەزارەتی کارەبادا مانگانە دوو ملیار دینار لە لیستی مووچەدا زیادە".

سۆران عومەر راشیگەیاند: ئەمە جگە لەوەی لە ژمارەی فەرمانبەرانیش لە لیستی بایۆمەتری و بودجە و وەزارەتی داراییدا 23 هەزار جیاوازییان هەیە و لیستی خانەنشینانیش 12 هەزار جیاوازی هەیە.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی ئابوری په‌رله‌مانی عێراق ئه‌وه‌شی وت: "داهاتی 20 مەرزی هەرێمی کوردستان بە لیژنەی دیوانی چاودێری نەدراوە".


PM:02:30:24/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو