مۆسكۆ ورده‌كاری نوێ سه‌باره‌ت به هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كرۆكۆس ئاشكرا ده‌كات
وێستگه نیوزـ
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 23ی ئازاری 2024، وه‌زاره‌تی ناوخۆی روسیا، رایگه‌یاند ئه‌و گومانلێكراوانه‌ی رۆژی هه‌ینی، هێرشیان كرده سه‌ر هۆڵی ئاهه‌نگه مۆسیقییه‌كان له ده‌وروبه‌ری مۆسكۆ، سه‌رجه‌میان خه‌ڵكی بیانین و هیچ هاوڵاتییه‌كی روسی-یان تیانییه.
ئێرینا فۆلك وته‌بیژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی روسیا، له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند ئه‌و چوار گومانلێكراوه‌ی ده‌ستگیركراون هه‌مویان "هاوڵاتی بیانین"، بێ ئه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌كانیان ئاشكرا بكات.
هه‌روه‌ها میدیاكانی روسیا و ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی روسی، له كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆدا، باسیان له‌وه كرد هه‌ندێك له گومانلێكراوه‌كان خه‌ڵكی تاجیاكستانن.
فۆڵك ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات: "ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك له كه‌ناڵه‌كانی تیلێگرام و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، باسیان له‌وه كردووه 4 كه‌س له‌و گومانلێكراوانه‌ی به‌شداریان له هێرشه‌كه‌ی 22 ئازاری سه‌ر هۆڵی كرۆكۆس كرد و دواتر به ئۆتۆمۆبێلێكی رینۆ لۆگان هه‌ڵهاتن و پاشان له ناوچه‌ی بریانسك ده‌ستگیركران، هاوڵاتی روسین. به‌ڵام ئه‌و زانیاریانه ناڕاستن و هه‌مویان هاوڵاتی بیانین".
ئه‌و له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: "به‌شه‌كانی كۆچ و كۆچبه‌رانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی روسیا، به هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئاسایشی فیدراڵی روسیا، زۆر به وردی لێكۆڵینه‌وه له هۆكاره‌كان و پاڵنه‌ره‌كانی پشت ئه‌و كاره ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێ بزانن ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیركراون، ماوه‌ی چه‌نده هاتوونه‌ته ناو خاكی روسیاوه و ده‌ستنیشانكردنی شوێنی مانه‌وه‌ی راسته‌قینه‌یان و هه‌ر شتێكی گرنگی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌و كاره".
ده‌سه‌ڵاتدارانی روسیا رایانگه‌یاند ئێواره‌ی هه‌ینی، له ئه‌نجامی ته‌قه‌كردنی ژماره‌یه‌ك كه‌سی نه‌ناسراو، له سه‌نته‌ری بازرگانی كرۆكۆس سیتی هۆڵ، له ده‌وروبه‌ری شاری مۆسكۆ و دواتر ته‌قینه‌وه و ئاگركه‌وتنه‌وه، زیاترله 140 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له سه‌د كه‌سی دیكه برینداربوون.
PM:11:33:23/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 1448
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت