ماكرۆن: كار له‌سه‌ر داڕشتنی پرۆژه بڕیارێكی نوێ بۆ راگرتنی شه‌ڕ له غه‌ززه ده‌كه‌ین
ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی كار له‌سه‌ر داڕشتنی پرۆژه بڕیارێكی نوێی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات بۆ راگرتنی شه‌ڕ له كه‌رتی غه‌ززه.
ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، رایگه‌یاند كه دوای ئه‌وه‌ی روسیا و چین دژ به پرۆژه بڕیارێكی ئه‌مریكا، مافی "ڤیتۆ"یان به‌كارهێنا، وڵاته‌كه‌ی بۆ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له غه‌ززه، له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كار بۆ داڕشتنی بڕیارێكی نوێ ده‌كات.
ئێواره‌ی هه‌ینی ماكرۆن له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له برۆكسل وتی: "دوای ئه‌وه‌ی روسیا و چین، مافی ڤیتۆیان به‌كارهێنا، له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، بۆ گه‌یشتن به رێكه‌وتن، له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه ئه‌مریكی و ئه‌وروپی و عه‌ره‌به‌كانمان، كار له‌سه‌ر پرۆژه بڕیاره‌كه‌ی فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ین".
پێشتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند ئه‌وان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له دیبلۆماتكاره‌كان، ده‌ستیانكردووه به داڕشتنی بڕیاره‌كه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئه‌گه‌ر پرۆژه بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا سه‌رینه‌گرت، ئه‌وا ئه‌مان ڕه‌شنووسی بریاره‌كه‌ی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو.
روسیا و چین له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، مافی ڤیتۆیان دژ به پرۆژه بڕیارێكی ئه‌مریكا به‌كارهێنا كه داوای راگرتنی ده‌ستبه‌جێی شه‌ڕه‌كه‌ی غه‌ززه‌ی ده‌كرد، له به‌رامبه‌ر ئازادكردنی هه‌موو ئه‌و بارمتانه‌ی لای حه‌ماسن.
نوێنه‌ری روسیا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌ڵێت مه‌به‌ست له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا، به‌ده‌ستهێنانی كاته و ئامانجه‌كه‌ی به‌سیاسیكراوه تاكو ئیسرائیل له سزا ده‌ربازیببێت.
نوێنه‌ری ئه‌مریكا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، وه‌ڵامی نوێنه‌ری روسیای داوه‌ته‌وه به‌وه‌ی ڤیتۆكه‌ی روسیا "بڕیارێكی ئاست نزمه، چونكه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئێمه شكستبێنین"
روسیا پێشتر ناڕه‌زایی خۆی راگه‌یاندبوو له "هه‌ر شتێك كه داوای ئاگربه‌ستی ده‌ستبه‌جێ نه‌كات" له غه‌ززه.
AM:09:59:23/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 748
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت