عێراق كار بۆ دووبارە دەستپێكردنه‌وه‌ی هەناردەی نەوتی هەرێم ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

دوای نزیكه‌ی ساڵێك له‌ راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، حكومه‌تی عێراق له‌ رێگه‌ی هه‌موار كردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ كار بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات.


بەپێی راپۆرتی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، حکومەتی عێراق تاووتوێی هەمواری یاسای بودجە دەکات تا بتوانێت شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی کە لەهەرێم کار دەکەن، خەرج بکات بۆ ئه‌وه‌ی دووبارە هەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "گرفتی سەرەکی لەبەردەم هەناردەی نەوتی هەرێم بریتییە لە تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، چونکە لە هەرێم تێچوی بەرمیلێک نەوت 21 دۆلارە، لەکاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق هه‌شت دۆلارە".

نزیکەی ساڵێکە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای فەڕەنسا سکاڵاکەی عێراقی لە بەرژەوەندی حکومەتی فیدڕاڵی یەکلاکردەوە و تورکیاشی پابەند کرد بە پێدانی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو بە حکومەتی عێراق.

مانگی داهاتوش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات و پێشبینی دەکرێت یەکێک لە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم بێت.

ئاژانسی بلومبێرگ جەخت دەکاتەوە لەوەی عێراق دەیەوێت هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە و پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری لەگەڵ تورکیا بونیادبنێت.


PM:01:27:22/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت