میدیای گۆڕان واده‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی شوبات ئاشكرا ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

میدیای گۆڕان ئاشكرای ده‌كات كه‌ ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی شوباتی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران ده‌كرێت و له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا ته‌واو ده‌بێت.


كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن-ی سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاویكرده‌وه‌: دوای ئه‌وه‌ی هەرێم داوای پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کرد کە بۆ مووچەی مانمگی شوبات بۆی دروست ببو، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە هەرێم داوه‌ کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات.

ده‌شڵێت: "بەڵام لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کراوە، بۆچارەسەری مووچەی هێزە ئەمنییەکان پێویستە هەرێمی کوردستان تەنها کۆدی هێزە ئەمنییەکان بنێرێت پارەکەیان بۆ خەرج دەکرێت".

میدیای فه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی وتووه‌: "رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دارایی دەستیکردوە بە ئامادکردنی کۆدی هێزە ئەمنییەکان و رۆژی پێنجشەممە لیستی کۆدی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان رەوانەی بەغدا کراوە".

لای خۆیه‌وه‌ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی چاودێری پرۆسەکە دەکات، بەڵێنی داوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو تەواوکاری ئەو پارەیەی هێزە ئەمنییەکان رەوانەی هەرێم بکات، کە لە لیستی مووچەی مانگی شوبات پارەیان بۆ نەهاتووە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە کەی ئێن ئێن-ی راگەیاندووه‌، بە گەیشتنی پارەکە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەستپێکدەکەن و لەماوەی یەک هەفتەدا مووچەکە دابەشدەکەن".

به‌پێی زانیارییه‌كانی میدیاكه‌ی گۆڕان، "پارەی نەهاتووی بەغدا 70 ملیاری ئەنجومەنی ئاسایش، 80 ملیاری هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پێشمەرگەش بڕی 150 ملیار دینارە".


PM:12:41:22/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 42088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت