وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی هه‌ر یه‌كه‌ له‌  نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات.

ئه‌مڕۆ هەینی 22ی ئادار، به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ورۆزه‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامه‌یه‌كى پیرۆزبایى له‌ هاكان فیدان، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیاوه‌ پێگه‌یشت كه‌ تیایدا "هیواى ساڵێكى پڕ له‌ خۆشى و ئارامى و ته‌ندروستیى باش" بۆ سەرۆکی هەرێمی کورستان ده‌خوازێت.

بەگوێرەی راگەیه‌ندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێم، له‌ نامه‌كه‌دا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا نووسیوویه‌تى: "به‌ڕێز سه‌رۆك، دۆستى ئازیزم، له‌ ناخه‌وه‌ پیرۆزباییى جه‌ژنى نه‌ورۆزتان لێده‌كه‌م كه‌ سیمبولى خۆڕاگرى و ئاشتى و ژیانه‌وه‌ى سروشت و ساڵیكى نوێ و نه‌ریتێكى كۆنى هاوبه‌شمانه‌".
 
هه‌روه‌ها، "هیواى خواستووه‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شیى نێوان هه‌ردوولا به‌هێزتر بێت له‌پێناو ئارامى و ئاشتى له‌ ناوچه‌كه‌دا". 
 
هاوكات به‌ گوێری راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ نامەیەکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە  هاكان فیدان، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیاوه‌ پێگه‌یشت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لە نامەکەدا وەزیری دەرەوەی تورکیا، پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەت دەکات و دەڵێت، "هیواى ساڵێكى پڕ له‌ خۆشى و ئارامى و ته‌ندروستیى باشتان  بۆ ‌دەخوازم".

له‌ نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووە، "جه‌ژنى نه‌ورۆز سیمبولى خۆڕاگرى و ئاشتى و ژیانه‌وه‌ى سروشت و ساڵیكى نوێ و نه‌ریتێكى كۆنى هاوبه‌شمانه‌، هیوادارم له‌پێناو ئارامى و ئاشتى ‌ ناوچه‌كه‌، ‌هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شیى نێوان هه‌ردوولامان به‌هێزتر بێت".

ساڵانە لەگەڵ هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی و بەهار کە لە 21ـی ئادار دەستپێدەکات، لە ئێوارەی رۆژی 20ـی ئادارەوە لە سەرانسەری کوردستانی گەورە - باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و کوردستانی سوور - ئاهەنگی جەژنی نەورۆز سازدەکرێت.
 
یەکێک لە دیارترین ئەو شوێنانەی ئاهەنگی نەورۆزی تێدا بەشێوەیەکی بەرفراوان سازدەکرێت، قەزای ئاکرێیە لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ بەگوێرەی ئاماری گەشتوگوزاری ئاکرێ، تەنیا لە رۆژی 20ـی ئادار نزیکەی 75 هەزار کەس بۆ کەرنەڤاڵی نەورۆز روویان لەو شارە کردووە. 
 
ساڵی 2010 نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 21ی ئاداری به‌ رۆژی جیهانیی جه‌ژنی نه‌ورۆز ناساند.
 
بەپێی رێکخراوی یونسکۆ، زیاتر لە 300 ملیۆن کەس لە جیهاندا یادی نەورۆز دەکەنەوە، ئەو رێکخراوە لە ساڵی 2009دا جەژنی نەورۆزی خستە نێو لیستی کولتوورە فەرهەنگییە نامادییەکان و زیاتر لە 11 نەتەوەش یادی دەکەنەوە.
 


AM:11:54:22/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت