داوای راگرتنی كاره‌كانی (هه‌ژماری من) له‌ سنووری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێت

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە

وێستگه‌نیوزـ

مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دووپات کردەوە و کۆتا مۆڵەتیشیان دایە یەکێتی کە "هەژماری من" رەتبکاتەوە و مووچە دابەشبکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئاداری 2024، مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەتکردنەوەی "هەژماری من"یان  راگەیاند و دووپاتیان کردەوە، "تەنها خزمەت بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەکات و پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییە".

هاوکات مامۆستایان پەیامێکی توندیان ئاڕاستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستە خۆڵەمێشییانە مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نەکەن، کە لەلایەکەوە بڵێن لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانداین و لەلایەکی دیکەشەوە داواکارییەکانی پارتی لەبەر بەرژەوەندی حزب جێبەجێ بکەن و بەسەر مووچەخۆراندا بیسەپێنن.

ئەوەشیان خستەڕوو، بڕیاری تایبەت بە بانکی کردنی مووچە و لابردنی کورسی کۆتاکان لە یەک رۆژدا دەرکراوە، ناکرێت پابەندی یەکێکیان بن و پابەندی ئەوی دیکەیان نەبن، رێگەی دروست لەبەردەمتاندا هاوکاریکردنی بانکەکانی رەشید و رافیدەینە بۆئەوەی کی کارد بۆ مووچەخۆران دروستبکەن، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کە لەلایەن هەر سێ حزبی پارتی، یەکێتی و گۆڕان دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەجی سزاکانی مامۆستایان هەڵبوەشێنرێتەوە.

جەختیان لەوەکردەوە، یەکێتی حوکمڕانی ئەم سنوورەیە هەر بۆیە تا رۆژی دووشەممە 25ی ئاداری 2024، بڕیاری راگرتنی کارەکانی "هەژماری من" نەدات و لە ئەگەری زیاتر دواکەوتنی مووچە، ئەوا رۆژی دووشەممە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە شەقامی مەلیک مەحمودی شاری سلێمانییەوە بەرەو دەباشان ئەنجامدەدرێت، پەیامی راستەوخۆ دەدەینە دەسەڵاتدارانی ئەم سنوورە.

داواشیان کرد لە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان، لە فەرمانبەران و مووچەخۆران و هاووڵاتییان کرد بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن.

هەر لە کۆنگرەکەدا مامۆستایان داوایان لەسەرجەم پارتە سیاسییەکانی دیکەش کرد کە بە فەرمی "هەژماری من" رەتبکەنەوە.



AM:11:40:21/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت