چوارچێوەی هەماهەنگی: بە رێزەوە لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دەڕوانین


وێستگه‌نیوزـ

چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دووپاتكردەوە و رایگەیاند، پێویستە سەرجەم لایەنەكان پابەندی بڕیارەكانی دادگاكە بن.


چوارچێوەی هەماهەنگی شەوی رابردوو كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداو دوای كۆبوونەوەكەش لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "جەخت لە گرنگی پابەندبوون بەجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان دەكەینەوە، نابێت هیچ دەسەڵاتێك زیادەڕەوی بكاتە سەر دەسەڵاتێكی دیكەو ئەمەش لەپێناو هاوسەنگی دەستووری، بەمەبەستی پاراستنی دەستوور لە دەركردنی بڕیار، جێبەجێكردن و چاودێری".

ئاماژەی بەوەشداوە، "بەڕێزو پێزانینەوە لە كارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی و سەرۆكەكەی، دادوەر جاسم عومەیر دەڕوانین و داواش دەكەین هەمووان رێز لەبڕیارەكانی دادگا بگرن و لەگرنگییەكەی كەمنەكەنەوە".

چوارچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت، "پێویستە سەرجەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بن ئەگەر لەبەرژەوەندیشیان نەبووبێت، ئەمەش لەچوارچێوەی پابەندبوونە بە رێزگرتن لەدەسەڵاتی دادوەری و دەستووری عێراق".

بەیاننامەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەكاتێكدایە شەوی رابردوو دادگای فیدراڵی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، رێكاری یاسایی دژی ئەو كەس و لایەنانە دەگرنەبەر كە هێرشی ناڕەوای جۆراوجۆر دەكەنە سەر دادگاكەیان.


AM:10:58:21/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت