بافڵ تاڵه‌بانی: یه‌كێتی ئاماده‌ی هه‌موو هاوكاری و پشتیوانییه‌كی خه‌ڵكه سه‌ربه‌رزه‌كه‌مانه
بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه دڵیان لای خه‌ڵكی هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی كوردستانه كه به‌هۆی لافاوه‌وه زیانمه‌ندبوون، به‌تایبه‌ت دهۆك، ئاماده‌یی حزبه‌كه‌شی بۆ هه‌موو هاوكاری و پشتیوانییه‌ك ده‌ربڕی.
بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له په‌یامێكدا رایگه‌یاند كه "دڵمان لای خه‌ڵكی هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی كوردستانه كه به‌هۆی لافاوه‌وه زیانمه‌ندبوون، به‌تایبه‌ت دهۆكی خۆشه‌ویست".
بافڵ تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: "پرسه و هاوخه‌میی قووڵی خۆمان ئاڕاسته‌ی كه‌سوكاری به‌ڕێزی سێ قوربانییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دهۆك ده‌كه‌ین و هاوبه‌شی ئه‌م خه‌مه گه‌وره‌یه‌ین".
راشیگه‌یاندووه كه "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماده‌ی هه‌موو هاوكاری و پشتیوانییه‌كی خه‌ڵكه سه‌ربه‌رزه‌كه‌مانه، سوپاس و پێزانینیش ئاڕاسته‌ی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین كه ماندوونه‌ناسانه له‌م رۆژه سه‌خته‌دا له‌خزمه‌ت هاونیشتمانییاندا بوون".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه دێت كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه شه‌پۆلێكی بارانی به‌خوڕ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه و كاریگه‌ریی شه‌پۆله‌كه زیاتر له‌سه‌ر پارێزگای دهۆك بوو. به‌هۆی بارانه‌كه‌وه، له چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاره‌كه لافاو هه‌ڵسا، ئاو چووه ناو ژماره‌یه‌ك خانوو و به‌شێك له رێگاكانیش به‌ڕووی شۆفێراندا داخران و سێ هاوڵاتیش گیانیان له‌ده‌ست دا، سه‌ره‌ڕای ژێرئاوكه‌وتنی چه‌ندین ئۆتۆمبێل.
PM:10:17:19/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 1236
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت