بارزانی: پارتی هه‌میشه به‌دوای فه‌راهه‌مكردنی سه‌قامگیری و چه‌سپاندنی دیموكراسییەوە بووه
وێستگه‌نیوز-
له میانی پێشوازیكردنی له باڵیۆزی ئیتاڵیا له عێراق، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه حزبه‌كه‌ی هه‌میشه به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره بووه بۆ فه‌راهه‌مكردنی سه‌قامگیری وڵات و چه‌سپاندنی دیموكراسی.
باره‌گای بارزانی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 19ی ئاداری 2024 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له سه‌ڵاحه‌دین، پێشوازی له ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "دوای به‌خێرهاتن، باڵیۆزی ئیتاڵیا له عێراق خۆشحاڵی خۆی به دووباره دیداری له‌گه‌ڵ بارزانی ده‌ربڕی و پیرۆزبایی جه‌ژنی نه‌ورۆزی له‌و و ته‌واوی گه‌لی كوردستان كرد".
لای خۆیه‌وه مه‌سعود بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئیتاڵیای كرد بۆ پێشكه‌شكردنی پیرۆزباییه‌كه‌ی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز، و رایگه‌یاند كه نه‌ورۆز بۆ كورد هێمای سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر تاریكی‌دا به داگیرساندنی بڵێسه‌ی ئازادی و ئاشتی.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌كانی پڕۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان تاووتوێ كران، سه‌باره‌ت به راگه‌یه‌ندراوی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیش بۆ به‌شدارینه‌كردن له هه‌ڵبژاردن، بارزانی وتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌میشه به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره بووه بۆ فه‌راهه‌مكردنی سه‌قامگیری وڵات و چه‌سپاندنی دیموكراسی به‌گوێره‌ی بڕگه‌كانی ده‌ستووری ساڵی 2005ی عێراق".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه "بارزانی دووپاتی له پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان كرده‌وه، چونكه قه‌واره‌كه له ده‌ستووردا چه‌سپێنراوه و له ئه‌نجامی خه‌باتی دوورودرێژ و به‌رده‌وام هاتۆته‌دی".
لای خۆیه‌وه باڵیۆزی ئیتاڵیا له عێراق تێگه‌یشتنی ته‌واوی خۆی بۆ دۆخه‌كه ده‌ربڕی، دواتریش هه‌ردوولا جه‌ختیان له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك له‌سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی و سیسته‌می فیدڕاڵی‌دا كرده‌وه.
PM:07:18:19/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 1080
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت