مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی: هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت و په‌له‌ش بكرێت له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌


وێستگه‌ نیوز-

مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدراوە: "پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت".

راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جگه‌له‌ پرسی هه‌ڵیژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێداگری کراوە لەسەر "پێویستی بەپەلە دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".

دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی 
بەسەرپەرشتی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی مەکتەبی سیاسیی کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکاری یەکێتیی لەسەرجەم بازنەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ لە هەرێم بکرێت.

کۆبوونەوەکە پێداگری کردەوە لەسەر پێویستی بەپەلە دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی کە ئەمرۆ (١٩-٣-٢٠٢٤) لە دەباشان بەرێوەچوو وێرای وەبیرهێنانەوەی ئامادەیی لەمێژینەی یەکێتیی بۆ هەڵبژاردن، تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕیشی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت. وەک تەنهاو تەنها رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسیی و شەرعیەتی حوکمڕانی لەوڵاتەکەماندا.

کۆبوونەوە پێیوایە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تەئکیدیشیکردەوە پاراستنی قەوارەکەمان لە هەڕەشە و مەترسی، تەنها لەرێی گەڕانەوە بۆ ڕای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک.

کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی هەڵوەستەی لەئاستی ئەو راستیەشدا کرد کە ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی کوردستانی ئازاد بە قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بکات کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٩-٣-٢٠٢٤


PM:05:33:19/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت