رێبوار بابکەیی: پارتی هەنگاو و هەڵوێستی دیکەی دەبێت


وێستگه‌ نیوزـ

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ دووشه‌ممه‌ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگەیاند، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ به‌رپرسی لقی 10ی ئه‌و حزبه‌ له‌ سۆران ده‌ڵێت: حزبه‌كه‌یان هه‌نگاو و هه‌ڵوێستی دیكه‌ی ده‌بێت.

 دوێنێ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له‌ راگه‌یه‌ندراوی كشانه‌وه‌یدا له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن وتی: ''لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."  

له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حزبه‌كه‌ی، د. رێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی 10ی پارتی لە سۆران وتی: "پارتی پرۆسەی هەڵبژاردنی رەتنەکردووەتەوە و بڕوای تەواومان بە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە، بەڵام ناکرێت دادگای بەناو فیدراڵی خۆی بخاتە جێگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی دادوەری و بەبێ گوێدان بە دەستوور بڕیار دەربکات."

 وتیشی: "پارتی هیچ ترسێکی لە هەڵبژاردن نییە، تەنیا ترسمان لەو دۆخە هەیە کە دادگەی بە ناو فیدراڵی دروستیکردووە، دەبێت هێزە سیاسییەکانی دیکەش هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و رێگە نەدەن دادگەی بەناو فیدراڵی هەرچی دەسکەوت و مافە لێمان زەوتبکات، ئێمە دڵنیاین لە هەر دۆخێکدا بچینە هەڵبژاردنەوە کورسییەکانی خۆمان بەدەستدەهێنین و هەر حزبی یەکەمی هەرێمی کوردستان دەبین و بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش هێزی دووەم دەبین."

سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی پارتی، بابكه‌یی وتی: "پارتی خوێندنەوەی بۆ هەموو بڕیارەکانی خۆی کردووە، هەنگاوی دواترمان لەلایەن سەرکردایەتی پارتییەوە رادەگەیەنرێت، بەڵام خوێندنەوەمان بۆ دوو هەنگاوی دواتریشمان کردووە".


PM:04:52:19/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت