یونامی: ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 10ی حوزه‌یران له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان زۆر گرنگه‌


وێستگه‌ نیوزـ

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكاری عیراق (یونامی)، له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی هه‌رێم ئه‌وه‌ی به‌ بیر هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێم "زۆر گرنگه‌".

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی حزبه‌كه‌، كۆبونه‌وه‌یه‌كی سازكرد و له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌دا پارتی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند. 

پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایه‌ كه‌ لە "سۆنگەی تێگەیشتن لە پێگە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی" و لە "بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان"ی دەزانن بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەن. 

وەک لە راگەیه‌ندراوەکەدا هاتووه‌، ئه‌م هەڵوێسته‌ی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بۆئه‌وه‌ی "رەوایی" بە هەڵبژاردنێكی "نادەستوری و نادیموكراسی" نه‌درێت و هاوكات وەستانەشه‌وە بەرامبەر سەرجەم ئەو "پێشێلکارییانەی دەستور لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت."

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكاری عیراق (یونامی) سه‌رنجی خۆی داوه‌و له‌ تۆڕی ئێكس ده‌ڵێت: "ئێمه‌ سه‌رنجمان له‌سه‌ر بریاره‌كه‌ی ئه‌مرۆی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه‌، هه‌روه‌ك چۆن سه‌رنجمان له‌سه‌ر بریاره‌كه‌ی مانگی رابردوی دادگای باڵای فیدراڵی هه‌یه‌."

یونامی داواشی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كردوه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك كار بكه‌ن، تا به‌ره‌و چاره‌سه‌ر هه‌نگاوبنێن نه‌ك به‌ره‌و چه‌قبه‌ستووییه‌كی دیكه‌ی درێژخایه‌ن و ده‌ڵێت: "به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ١٠ی حوزه‌یران له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق زۆر گرنگه‌."


PM:10:28:18/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت