لیسته‌كه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی: دژی ئه‌وه‌ین جارێكی دیكه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوابخرێت
وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژێك له به‌ره‌ی گه‌ل كه سه‌ر به لاهور شێخ جه‌نگی-یه، رایده‌گه‌یه‌نێت كه دژی ئه‌وه‌ن جارێكی دیكه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوابخرێت و هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی ئاكامێكی مه‌ترسیداری ده‌بێت.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، وته‌بێژێك له به‌ره‌ی گه‌لی سه‌ر به لاهور شێخ جه‌نگی ده‌ڵێت: "به‌ره‌ی گه‌ل، جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌و واده‌یه‌ی كه سه‌رۆكی هه‌رێم و كۆمسیۆن دیاریان كردووه".
وته‌بێژه‌كه‌ی به‌ره‌ی گه‌ل جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه "دژی ئه‌وه‌ین له ژێر هه‌ر پاساوێكدا جارێكی دیكه‌ش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوابخرێت".
هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی كه "پێمان وایه دواخستنی هه‌ڵبژاردن ئاكامێكی خراپ و مه‌ترسیداری ئه‌بێت".
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌ره‌ی گه‌ل دوای ئه‌وه دێت كه كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ی له پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق كرد و رایگه‌یاند كه "به‌شداری هه‌ڵبژاردنێك ناكه‌ین به نایاسایی و ناده‌ستوری به‌ڕێوه‌بچێت".
PM:09:49:18/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 1216
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت