ئه‌مریكا: بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستان و عێراق ناكات


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ "بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پارتی و گه‌لی كوردستان و عێراق ناكات".


 ماڵپه‌ڕی‌ رووداو له‌ له‌ زاری‌ ڤێدانت پاتێل، جێگری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا "له‌ زۆربه‌ی ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ ده‌گات كه‌ له‌لایه‌ن كوردی عێراقه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كانی ئه‌م دوایه‌ی دادگای باڵای عێراقه‌وه‌ ده‌ركران".

ڤێدانت پاتێل، جێگری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "پێمانوانییه‌ بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارتی و گه‌لی كوردستان و عێراقیش به‌ گشتی بكات".
 
جێگری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی پارتی له‌باره‌ی بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردن "نیگه‌رانین.. و پشتیوانیی هه‌ڵبژاردنێك ده‌كه‌ین هه‌موو لایه‌ك تێیدا به‌شدار بێت".

كاتێكی‌ پێشتری‌ ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كشانه‌وه‌ی‌ له‌ پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عێراق كرد و رایگه‌یاند كه‌ "به‌شداری هه‌ڵبژاردنێك ناكه‌ین به‌ نایاسایی و ناده‌ستوری به‌ڕێوه‌بچێت".


PM:09:13:18/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت