وته‌بێژی‌ پارتی‌ سۆسیال دیموكراتی‌ كوردستان: پێمانوایه‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن ده‌گه‌نه‌ ڕێكکه‌وتن


وێستگه‌نیوز- سلێمانی‌- له‌نیا به‌ختیار

وته‌بێژی‌ پارتی‌ سۆسیال دیموكراتی‌ كوردستان، ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌، ڕایگه‌یاند: پارتی‌ دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن ده‌گاته‌ ڕێككه‌وتن و به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كات.

فه‌رهاد تۆفیق، وته‌بێژی‌ پارتی‌ سۆسیال دیموكراتی‌ كوردستان له‌لێدوانێكیدا بۆ وێستگه‌نیوز وتی‌"ئه‌گه‌ر پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ نه‌كردایه‌، ئه‌وا سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ له‌پشكی‌ خۆیه‌تی‌، واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ دیاری‌ نه‌ده‌كرد، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ئه‌درێت و پارتی‌ له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن ده‌گاته‌ رێكه‌وتن".

پارتی‌ سۆسیال دیموكراتی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ حزبی‌ شیوعی‌ و زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان هاوپه‌یمانێتییه‌كیان پێكهێناوه‌، به‌ناوی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ كوردستانی‌ كه‌ له‌لایه‌ن محه‌مه‌د حاجی‌ مه‌حمود سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت و له‌باره‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان، فەرهاد تۆفیق وتی: وابڕیاره‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی‌ ئاینده‌دا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ به‌پێی‌ ڕێككه‌وتنی‌ نێوانیان ناوی‌ كاندیده‌كان دیاری‌ بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی حزبه‌كه‌شیان وتی:"پێمانوایه‌ حزبه‌كه‌مان له‌چاو پێشووتردا باشتر ده‌بێت، چونكه‌ پشتمانبه‌ستووه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌ نیشتیمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانمان، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ تاقیكردوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌شی ئۆپۆزسیۆنی‌ تاقیكردوه‌ته‌وه‌و گله‌یی‌ له‌ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، ده‌زانێت ئێمه‌ وه‌ك ئاراسته‌ی‌ سێهه‌م چۆنین كه‌ له‌نێوانیاندا به‌باشمان وتووه‌ باش و به‌خراپمان وتووه‌ خراپ، دڵنیاین ده‌رئه‌نجامێكی‌ باشمان ده‌بێـت".


PM:06:00:18/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو