مامۆستایانی نارازی په‌یامێك بۆ زۆنی سه‌وز و زه‌رد ده‌نێرن


وێستگه‌ نیوزـ

ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان سازكرد و داوای راگرتنی هه‌ژماری من ده‌كه‌ن، له‌ په‌یامێكیشدا بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی زۆرنی سه‌وز، ئه‌و مامۆستایانه‌ ده‌ڵێن: پێویستە یەکێتی و دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە  ڕابگرن و ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بنێرن.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی ئازاری 2024 سازیكرد، ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی نارازی چوار خاڵیان راگه‌یاندو و له‌ یه‌كێكیاندا، پشتیوانیی خۆیان لەبایکۆتی خۆرسکانەی مامۆستایان و فەرمانبەران ده‌ربری و داواشیان له‌ مامۆستایان و فەرمانبەران كرد بایکۆتی هەژماری من و  فەرمانگە وه‌خوێندنگەکانیان بکەن ، بەتایبەتی ئەو فەرمانگانەی داهات بۆ حکومەت کۆدەکەنەوە.

له‌ خاڵێكی دیكه‌شدا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ داوا ده‌كات: "دەستبەسراگرتن و بە بارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی کۆتایی پێ بێت و بەزووترین کات دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەست پێبکات."

دەقی پەیامەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازی:

بەناوی خوای گەورە
مامۆستایان،  فەرمانبەران
سەرجەم چین و توێژەکان
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان

پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان ئەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سوورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران.

لە ئێستاشدا جارێکی تر، دەسەڵات بەپاساوی گاڵتەجاڕانەی دروستکردنی "هەژماری من" و نەناردنی لیستی ناوی هێزە سەربازییەکان، دەیەوێت خۆی لە پابەندیی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بدزێتەوە و بەردەوام قەیرانی نوێ بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن کە تەنها ئامانجیشیان پەردەپۆش کردنی دزی و گەندەڵیەکانیان و ستەمی بە بارمتە گرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنیە .

ئەم خۆدزینەوە و پابەند نەبوونە تەنها لەسنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا نییە و دەسەڵاتدارانی  سنوری  پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش بەهەمان شێوەی دەسەڵاتدارانی سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک خەمساردانە مامەڵە دەکەن و باکیان به بێ مووچەیی خەڵک نییە و دەستیان کردووه بە کردنەوەی هەژماری من ی زۆرەملی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران .

بۆیه ڕایدەگەیەنین 
١ــ  پێویستە یەکێتی  و  دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز بۆئەوەی بیسەلمێنن ڕاستگۆن لەگەڵ ڕاگەیەنراوی خۆیان و خەڵکی ئەم سنورە و پابەندن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی، ئەوا کارەکانی هەژماری من لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیە  ڕابگرن ،  وە ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدەن  بەزوویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنورە دروستبکرێت و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دا بکەن.

٢ــ پشتیوانی لەبایکۆتی خۆرسکانەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین هاوکات داواکاین مامۆستایان و فەرمانبەران بایکۆتی هەژماری من و  فەرمانگە وخوێندنگەکانیان بکەن ، بەتایبەتی ئەو فەرمانگانەی داهات بۆ حکومەت کۆدەکەنەوە.

٣ــ دەستبەسراگرتن و بە بارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی کۆتایی پێ بێت و بەزووترین کات دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەست پێبکات.

٤ــ حیزب و هێزە ئۆپزیسۆنەکان و زانایانی ئاینی و ڕێکخراوەکان لەئاست سەختی دۆخەکەدا بن و هەڵویستی ڕوون و ڕاشکاوانەیان بەرامبەر بەبارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی و هەژماری من ی زۆرەملی ڕابگەیەنین .

لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنین 
چیتر خۆپیشاندانەکان لەبەردەم پەروەردەکان نامێنن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەهاوکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەرجەم شارو شارۆچکەکان خۆپیشاندانی بەرفراوان بەرەو ناوەندی بڕیاری دەسەڵاتی سنوری ئیدارەی سلێمانی و هەولێر دەستپێدەکەینەوە .

هاوکات  داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان ئەکەین، بە یەکدەنگیی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە ستەمی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان 
 
                                                                         ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی
                                                                                   ١٨ -٣ - ٢٠٢٤


PM:05:04:18/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت