چین و ئێران پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنیان له پوتن كرد
وێستگه نیوزـAFP
سه‌رۆكی كۆماری میللیی چین و سه‌رۆك كۆماری ئێران پیرۆزباییان له ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی روسیا كرد كه به‌پێی ئه‌نجامه فه‌رمییه‌كان زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه.
دوێنێ یه‌كشه‌ممه 17ی ئازاری 2024، دوایین رۆژی هەڵبژاردنی سێ رۆژەی سەرۆکایەتیی روسیا بوو. دوای تەواوبوونی پرۆسەكه‌ش کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی روسیا دەستی بە جیاکردنەوەی دەنگەکان کرد‌و به‌پێی جیاكردنه‌وه‌ی 99.89%ی ده‌نگه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، ڤلادیمێر پوتن 87.3%ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه كه دوای راگه‌یاندنی زۆرینه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدان، هه‌ریه‌ك له شی جینگ پینگ، سه‌رۆك كۆماری چین و ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران پیرۆزباییان له ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی روسیا كردوه كه بۆ پێنجه‌م جار ده‌بێته‌وه سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی.
سه‌رۆكی چین له په‌یامه‌كه‌یدا به پوتنی وتوه: "به سه‌ركردایه‌تیی ئێوه گه‌لی روسیا به‌رامبه‌ر ئاڵنگارییه‌كان یه‌كریز بوون، روسیا توانای به‌ده‌ستهێنانی گه‌شه‌ی نیشتمانی و ئاوه‌دانیی له‌ژێر سایه‌ی ئێوه‌دا زیاتره".
هاوكات ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران سه‌رۆكه‌وتنه‌كه‌ی پوتنی به "گه‌وره" وه‌سفكردوه.
PM:04:12:18/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 692
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت