بایكۆتی ده‌وام دژی دواكه‌وتنی مووچه‌ له‌ سلێمانی فراوانتر بوو

‌بایکۆتی کارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان

وێستگه‌نیوزـ

بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مانگی شوبات و پێنەدانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە‌، ئەمڕۆ زیاتر لە حه‌وت بەڕێوەبەرایەتی لەناو پارێزگای سلێمانی بایکۆتی کارەکانیان کرد.


بەشێک لە فەرمانبەران لە هەریەک لە بەڕێوه‌بەرایەتییەکانی هاتوچۆی سلێمانی، دادنووسی دوو له‌ به‌كره‌جۆ، خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌ لە سلێمانی، دابەشکردنی کارەبایی سلێمانی- رۆژئاوا، ئاوی سلێمانی، بەشی زەوی و زار لەناو کشتوکاڵی سلێمانی، بنکەی تەندروستی سەروەری، لەگەڵ ئەوانیشدا مامۆستایانی خویندنگەی گەرەزیل وەک یەکەم قوتابخانە بایکۆتیان راگەیاند و ئەمڕۆیان کرد بە کۆتا رۆژی خوێندن لە خوێندنگەکەیان.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌نشینی پێشمه‌رگه‌ له‌ سلێمانی به‌ وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند، به‌هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌كانیانه‌وه‌ بایكۆتی ده‌وامیان كردووه‌ و تا مووچەیان پێنەدرێت دەوام ناکەنەوە.
 
بەهەمان شێوە سەرچاوەیەک لەناو دادنوسی بەکرەجۆ بەوێستگەنیوزی راگەیاند: ئەمڕۆ زیاتر لە 20 کارمەند لە فەرمانگەکەیاندا دەستیان لەکارەکانیان هەڵگرتووە و دەڵێن چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ چوونە ناو مانگی نیسانەوە، بەڵام تائێستا نە مووچە فەوتاوەکانی ساڵی رابردویان وەرگرتوە نە مووچەی مانگی شوبات.

بەهۆی کارنەکردنیش لە ناو بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و دروستبوونی گرفت بۆ هاووڵاتییان عەمید ئاسۆ محەمەد، بەرێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی بەوێستگەنیوزی راگەیاند، بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە ئەمڕۆ بەشێک لە کارمەندانیان نەچوونەتەوە بۆ دەوام و بەشێکی دیکەشیان لە سەرکارەکانیان مانیانگرتووە.
 
لەبارەی درێژەکێشانی بایکۆت لە هاتوچۆی سلێمانی، عەمید ئاسۆ وتی، "بایکۆتەکە تەنها ئەمڕۆبووە بەیانی دەست بە دەوامی خۆمان دەکەینەوە، ئەمڕۆش ئەو هاووڵاتیانەی لەناو بەڕێوبەرایەتییەکەدابوون، کارەکانیان رایکراوە، هەر زووش داوامان لە خەڵککردووە سەردانمان نەکەن تا قەرەباڵەغی و گرفت دروستنەبێت".
 
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی تاچەند لەگەڵ دوای کارمەندەکانیدایە، عەمید ئاسۆ رایگەیاند، "من وەک بەڕێوەبەر پاڵپشتی هاوڕێ و ئەفسەرەکانم دەبم و ئەوان لەسەر حەقن، چونکە داوای مافی خۆیان دەکەن و منیش ئەوانم لا گرنگترە لە پلە و پۆست و مووچەکەم، لەبەرئەوە هەر پشتیوانی خەڵک دەبم".

هەر سەبارەت بە بایکۆت شەوی رابردوو ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایانی ناڕازیی هۆشدارییەکی توندیان ئاراستەی دەسەڵات کردوو رایانگەیاند، "ئەگەر چیتر مووچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بکرێت، ئەوا هەموو رێگایەکی فشار و ناڕەزایەتیی مەدەنیی لەبەردەمماندا کراوەیە و  ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەشمان بەتەنها لە بایکۆت و خۆپیشانداندا ناوەستێت".

لە هەرێمی کوردستان تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی شووبات دابەشنەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە  11 مانگەوە  وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە.

بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان مووچەکە دابەشناکات، بەهۆکاری ئەوەی کە ئەوان داوای 949 ملیار 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردووە، بەڵام بەو بڕەی کە عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە هەربۆیە دابەشیناکەن تا تەواوی پارەکە نەنێردێت.
 
ئێستا دوای تێپەڕبونی 46 رۆژ بەسەر دابەشنەکردنی مووچەی مانگی شوباتدا، لە شەش مانگی رابردووەوە حکومەتی هه‌رێمى كوردستان ته‌نها یەک مووچەی ئەو شەش مانگەی دابەشکردووە.


PM:02:17:17/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 2928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت