رۆژنامه‌ی سه‌باح: مووچه‌ی هه‌رێم خه‌رجیه‌كانی به‌كاربردنی بودجه زیاد ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
رۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه‌فه‌رمی عێراق رایگه‌یاند كه مووچه‌ی هه‌رێم خه‌رجیه‌كانی به‌كاربردنی بودجه زیاد ده‌كات، په‌رله‌مانتارێكی عێراقیش پێیوایه كه گومان له ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌یه.
رۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه‌فه‌رمی عێراق له ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا بابه‌تێكی سه‌باره‌ت به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڵاوكردووه‌ته‌وه و رایگه‌یاندووه كه بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق پابه‌ند بێت به پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، خه‌رجی به‌كاربردنی بودجه زیاد ده‌كات، به‌تایبه‌تی كه "هه‌رێم ناوی موچه‌خۆرانی بۆ به‌غدا نه‌خستووه‌ته‌ڕوو و ئایا ئه‌و ژمارانه‌ی كه داوای مووچه‌یان بۆ ده‌كات ڕاسته‌قینه‌ن یان نا".
نازم شبلی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "سه‌باح” رایگه‌یاند كه "پێشتر حكومه‌تی فیدراڵی به‌شێوه‌ی پێشینه مووچه‌ی به هه‌رێم ده‌دا، به‌رده‌وامیشه له‌سه‌ری، چونكه هێشتا كێشه‌كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، به‌تایبه‌تی هه‌رێم هیچ بڕه پاره‌یه‌كی له داهاتی نه‌وت یان ده‌روازه‌كانه‌وه راده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی نه‌كردووه”.
نازم شبلی ده‌ڵێت: "به‌پێی بودجه‌ی 2023، ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا بكات بۆ بودجه، ئه‌وه‌ش ڕووی نه‌دا هه‌روه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم داهاته‌كانی تریشی راده‌ست نه‌كرد. بۆیه حكومه‌ت به شێوه‌ی قه‌رز مووچه‌ی ده‌دا به هه‌رێم".
وتیشی: "ده‌بوو كێشه سیاسییه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نه‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و پاساوه‌یه كه حكومه‌تی هه‌رێم باسی ده‌كات".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره باسی له‌وه‌شكرد كه "چیرۆكێكی گه‌وره‌تر له‌م مه‌له‌فه‌دا هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كێن؟ ئایا ئه‌م ژماره‌یه و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی ده‌چێته‌هه‌رێم بۆ فه‌رمانبه‌رانه؟".
راشیگه‌یاند كه "حكومه‌ت داوای لیستی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات، به‌ڵام نه‌كرا هه‌روه‌ك زانیارییه‌كان ته‌مومژاوین، ئه‌مه‌ش گومان له‌سه‌ر بڕی پاره‌كان دروست ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژماره‌كان ڕاسته‌قینه بن، ئه‌ركی حكومه‌ته كه مووچه‌یان بۆ دابین بكات".
AM:11:17:11/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 1996
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت