كۆمسیۆنی‌ هه‌ولێر زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌خاته‌ڕوو

‌فه‌رهاد ئه‌سعه‌د به‌رپرسی هۆبه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ لقی هه‌ولێر

وێستگه‌نیوز-
به‌رپرسی هۆبه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ لقی هه‌ولێر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ 29 كه‌س كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و به‌ حه‌وت كاندیدی پارتییه‌ سیاسییه‌كانیان فۆڕمی‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیان پڕكردووه‌ته‌وه‌.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی‌ ئاداری‌ 2024، فه‌رهاد ئه‌سعه‌د به‌رپرسی هۆبه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ لقی هه‌ولێر كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی‌: "تائێستا نزیكه‌ی 29 كه‌س فۆڕمی كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و حه‌وت كه‌سیش فۆڕمی كاندیدی پارتییه‌ سیاسییه‌كانیان وه‌رگرتووه‌".

وتیشی‌: "بۆ هه‌ڵبژاردنی شه‌شه‌مین خوولی په‌رله‌مانی كوردستان 100 كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مان به‌مشێوه‌ی به‌سه‌ر پارێزگاكان دابه‌شكراوه‌، هه‌ولێر 34 كورسی، سلێمانی 38 كورسی، دهۆك 25 كورسی و هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نیا 3 كورسی ده‌بێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ره‌سمی‌ به‌شداریكردن بۆ كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆكان ته‌نیا یه‌ك ملیۆن دیناره‌، به‌ڵام بۆ كاندیدانی پارت و هێزه‌ سیاسییه‌كان، هه‌ر یه‌كێك پێنج ملیۆن دیناره‌".

وتیشی‌: "ره‌سمی به‌شداریكردن بۆ هاوپه‌یمانێتییه‌كانیش 10 ملیۆن دیناره‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ كاندید له‌ رۆژی ده‌نگدانی تایبه‌ت 25 ساڵی ته‌مه‌نی ته‌واوكردبێت".

فه‌رهاد ئه‌سعه‌د روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "بۆ ئه‌م خووله‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتوانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، مافی خۆ كاندیدكردنیان نابێت".

ئاشكراشیكرد كه‌ سبه‌ینێ‌ دووشه‌ممه‌ 11ی ئاداری 2024 نووسینگه‌ی نیشتمانیی له‌گه‌ڵ رێپێدراوانی هه‌ر 39 حزبه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌، كه‌ نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌ری پارێزگاكانی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ن ده‌بن، به‌ مه‌به‌ستی راهێنانیان له‌ سه‌ر چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی 2024.

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ 14ی ئه‌م مانگه‌ دوا واده‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی ناوی كاندیدانی سه‌ربه‌خۆ یان هێزه‌ سیاسییه‌كان و یاخود كاندیدی هاوپه‌یمانه‌كان، هه‌روه‌ها له‌ 13ی ئه‌م مانگه‌وه‌ تاوه‌كو 22ی ئه‌م مانگه‌ ده‌رفه‌ته‌ بۆ پێشكه‌شكردنی لیستی ناوی كاندیدان.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ كۆمسیۆن راشیگه‌یاند كه‌ "تائێستا هیچ كه‌سێك سه‌ردانی كۆمیسیۆنی نه‌كردووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كاندیدی هاوپه‌یمانێتی".


PM:01:34:10/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت