وه‌زیری په‌روه‌رده: پڕۆژه‌ی ستراتیژیی راهێنانی مامۆستایان گۆڕانكاریی گه‌وره دروست ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، پڕۆژه‌ی ستراتیژیی راهێنانی مامۆستایان، شێوازی وانه‌وتنه‌وه له ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌باته پێشه‌وه و گۆڕانكاریی گه‌وره دروست ده‌كات.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، د. ئالان حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌مین دیداری په‌روه‌رده‌یی له راپه‌ڕین له وتارێكدا باسی له پڕۆژه‌ی ستراتیژیی راهێنانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد و وتی: "دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه پڕۆژه‌كه گۆڕانكاریی گه‌وره دروست ده‌كات و، شێوازی خوێندن ده‌باته پێشه‌وه، به‌ڵام كات و پشوودرێژیی ده‌وێت و، هاوكاریی هه‌موو لایه‌كمانی پێویسته".
وتیشی: "600 مامۆستای راهێنه‌ر له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئاماده‌كراون و راهێنانیان وه‌رگرتووه. پێشتر مامۆستایانی گوند، شاره‌دێ و شارۆچكه‌كان هه‌موویان بۆیان رێنده‌كه‌وت له هۆتێلێكی پێنج ئه‌ستێره‌یی كۆبكرێنه‌وه و، ورۆكشۆپ و راهێنانێك وه‌ربگرن، به‌ڵام ئێستا مامۆستای راهێنه‌ر ده‌چێته ناو ناوه‌نده‌كانی خوێندن".
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه "مامۆستایانی قوتابخانه‌كانی گوند، ناحیه و قه‌زا و پارێزگاكان به یه‌ك شێواز راهێنان وه‌رده‌گرن. پڕۆسه‌كه بۆ هه‌موو مامۆستایانه نه‌ك هه‌ندێك مامۆستا لێی سوودمه‌ندبن و هه‌ندێكی دیكه‌ش لێی سوودمه‌ند نه‌بن".
باسی له‌وه‌شكرد كه "پڕۆسه‌كه بێ چاودێریی نییه. ته‌نها ئه‌وه نییه مامۆستایان راهێنان وه‌ربگرن دوایی كه‌س نه‌زانێت پڕۆژه‌كه جێبه‌جێ ده‌بێت یان نا، به‌ڵكو له رێگه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی دانراوه، هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌یه و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاستی مامۆستایان ده‌كرێت له‌وه‌ی تا چه‌ند توانیویانه میتۆده‌كانی وانه‌گوتنه‌وه جێبه‌جێ بكه‌ن".
د. ئالان حه‌مه سه‌عید سه‌باره‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی مامۆستایانیش، رایگه‌یاند كه "ئه‌و مامۆستایانه‌ی به‌رزترین نمره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستده‌هێنن، به پله‌كانی یه‌كه‌م، دووه‌م و سێیه‌م دیاریده‌كرێن، پاداشتێكی ماددی وه‌رده‌گرن و له رێوه‌ڕه‌سمێكی گه‌وره‌دا خه‌ڵات ده‌كرێن".
PM:03:55:09/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 952
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت