سەعدی پیرە: لەناو پەرلەمانی‌ عێراق زۆر بێشەرمانە و خراپ باسی‌ پێشمەرگە دەکرێت


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سازیكرد، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی چه‌ند پرسێكی ناوخۆی هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدای كرد و رایگه‌یاند كه‌ به‌منزیكانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا سەعدی‌ ئەحمەد پیرە، وتەبێژی‌ یەکێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان وتی: "لە ناو پەرلەمانی‌ عێراق زۆر بێشەرمانە و خراپ باسی‌ پێشمەرگەی‌ کوردستان دەکرێت، لەکاتێکدا پێشمەرگە هەوێنی‌ رزگارکردنی‌ شارەکانی‌ عێراق و هەرێمی‌ کوردستانیش بووە".

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتیش وتەبێژی‌ یەکێتی‌ ئاشكرایكرد كه‌ بەم نزیکانە لەسەر هەڵبژاردن و چەند پرسێکی‌ تریش لەگەڵ پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان کۆدەبنەوە و قسە لەسەر چارەسەری‌ کێشەکان دەکەن.

سه‌باره‌ت به‌ بڕیارەکانی‌ دادگای‌ فیدراڵیی عێراقیش، سه‌عدی پیره‌ وتی: یەکێتی‌ لە سکاڵاکەیدا داوای‌ هەڵوەشانەوەی‌ کورسی‌ پێکهاتەکانی‌ نەکردووە، بەڵکو ئەوە تێگەیشتنی‌ یاسایی و دەستووری‌ بوو دادگاكه‌ بڕیارەیداوە.

وته‌بێژی یه‌كێتی باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگای فیدڕاڵی بەهۆی‌ ناکۆکی‌ و ململانێی‌ لایەنە سیاسییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستانه‌ و ئاماژه‌ی به‌ وته‌یه‌كی بافڵ تاڵەبانی‌ دا كه‌ به‌ پێویستی زانیبوو كورد پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئاسایی بکاته‌وه‌و پێی وابووه‌ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ هەرێمی‌ کوردستان بەهێزتر دەکات.

له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكیش وتی: لەگەڵ پارتی‌ بڕیارێکی‌ هاوبەشمان هەیە، کە دەڵێین دەبێت پارێزگاری‌ کەرکوک کورد بێت، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه‌ "لەگەڵ پارتی‌ بە لایەنە عەرەب و تورکمانەکانمان وتووە ئەگەر هەر 16 کورسییەکەی‌ کەرکوک هی‌ کوردیش بێت، بەبێ ئەوان حکومەتی‌ خۆجێیی پێکناهێنین".


PM:03:28:04/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت