پارتی و یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك: هه‌وڵ ده‌ده‌ین پارێزگارێكی كورد بۆ شاره‌كه‌ دیاری بكه‌ین

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌نیوزـ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک کۆبوونەوە، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یه‌كێتیش رایگه‌یاند، ماڵی کورد لە کەرکوک یەکخراوە و پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداری جدییان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە هەبێت.


رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند: "ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 4ی ئازاری 2024، شاندێکی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک سەردانی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن و تاوتووێی چەند پرسێکی گرنگ دەکەین".

"پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە و لێکنزیکبوونەوەی هەردوولا و پەیوەندییەکانی نێوانمان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت"، رەوەند مەلا مەحمود وایوت.

دوای کۆبوونەوەکەش رەوەند مەلا مەحمود، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ماڵی کورد لە کەرکوک یەکخراوە و پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداری جدییان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە هەبێت".

وتیشی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هاوڕایە کە پێویستە پۆستەکانی پارێزگاکە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکاندا یەکلابکرێنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی سەرجەم لایەنە براوەکانی کەرکوک دەکەین".

هاوکات هەر لە کۆنگرەکەدا محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی پارتی دیمکراتی کوردستان لە کەرکوک رایگەیاند:"لەگەڵ یەکێتی هەوڵدەدەین پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دیاریبکەین، کە چێی رەزامەندی بێت بۆ سەرجەم لایەنەکان و دانیشتوانەکەشی".

"هەوڵەکانمان لەگەڵ یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پاریزگاکەوە زۆر جدییە و داواکارین لە لایەنەکانی دیکەش هاوکارمان بن، بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنەکە"، محەمەد کەمال وایوت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، شه‌وی رابردوو به‌ ئاماده‌بوونی بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق، لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ به‌غدا بۆ تاوتوێكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی كه‌ركوك كۆبوونه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لایه‌نه‌كانی كه‌ركوك رێككه‌وتن له‌ سه‌ر به‌رده‌وامی گفتوگۆكان تا گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و یه‌ك كارنامه‌ی هاوبه‌ش تا له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا پارێزگار  و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كه‌ركوك هه‌ڵبژێردرێن.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كارنامه‌ی لایه‌نه‌ براوه‌كان خراوه‌ته‌ڕ‌وو بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ك كارنامه‌ی هاوبه‌ش دروستبكرێت و بڕ‌یار له‌سه‌ر خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان بدرێت.


PM:12:18:04/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت