سودانی دوو هه‌فته‌ دیاریكرا بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ براوه‌كانی كه‌ركوك له‌سه‌ر کارنامەیەکی‌ هاوبەش رێبكه‌ون


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مشه‌و یه‌كشه‌ممه‌ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرى هەرسێ پێکهاتەى کورد، عەرەب و تورکمان، کارنامەى خۆیان رادەستى سەرۆک وەزیران کرد لەبارەى تێڕوانیان بۆ چۆنێتیى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکوک و هەڵبژاردنى پۆستى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگا و پۆستەکانى دیکە.
 
راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌سه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت: "رێککەوتن کراوە بۆ بەردەوامیی‌ گفتوگۆی‌ نێوان هێزە سیاسیەکان تا لە ماوەی‌ دوو هەفتەدا بگەنە کارنامەیەکی‌ هاوبەش."

سودانی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا وتویه‌تی: "گرنگه‌ گفتوگۆی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ پێناو پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی شاری كه‌ركووك به‌رده‌وام بێت".

ئەوه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتریش سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگه‌یاندبوو، "دەمانەوێت مافی هەموو لایەک لە کەرکوك پارێزراو بێت."

لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، یەکێتى پێنج کورسی بەدەستهێنا و براوەى یەکەم بوو، هاوپەیمانیى عەرەبی سێ کورسی بەدەستهێناوە، هەریەک لە پارتى، بەرەى تورکمانى، هاوپەیمانى قیادە یەکى دوو کورسی-یان بەدەستهێنا، هاوپەیمانیى عروبە یەک کورسی و بابلیون کورسیى کۆتای ئەنجومەنەکەى بردەوە.


PM:10:57:03/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت