سبه‌ینێ لایه‌نه‌كانی كه‌ركوك له‌سه‌ر پۆستی پارێزگار چاویان به‌ سودانی ده‌كه‌وێته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

ئەندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ئەنجومەنی نوێی پارێزگای كەركوك لە رایگه‌یاند:"بڕیارە سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ کۆبونەوەی داهاتوی لایەنەکان لەگەڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بكرێت و هەر لایەنێك پڕۆژەی خۆی ئامادە بكات.

نەشئەت شاهوێز، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە سایتی (كەركوك ناو)ی رایگه‌یاند "بڕیارە کۆبونەوەی داهاتوی لایەنەکان لەگەڵ سودانی، لە 3ی ئادار بكرێت و هەر لایەنێك پڕۆژەی خۆی ئامادە بكات".

وتیشی: یەكێتیی پڕۆژەكەی ئامادە دەكات و لەگەڵ ئەوەدان، بە زویی ئیدارەی نوێ پێكبێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كوتلە براوەكانی هەڵبژاردنی كەركوك، لەسەر پێشنیازێكی هاوبەش بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی رێكنەكەوتون و هەریەكێكیان بە جیا پێداگری لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەكەن، لەكاتێكدا ماوەی یاسایی تێپەڕیوە و مۆڵەتەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بەرەو كۆتایی دەڕوات.

له‌ 21ی مانگی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی هەموو كوتلە براوەكانی كەركوكی كرد و مۆڵەتی تا 3ی ئه‌م مانگه‌ی دیاریكرد، تا پێشنیاز و داواكارییەكانی بۆ پێكهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگاكە ئامادە بكەن، بە ئامانجی پێكهێنانی حكومەتێكی خۆجێیی هاوبەش.

چڕبونەوەی كۆبونەوە و هەوڵەكانی سودانی دوابەدوای ناكۆكی نێوان كوتلەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هات، كە بەهۆیەوە تائێستا هیچ دانیشتنێكی ئەنجامنەداوە و پێكهێنانی ئیدارەی نوێ پەكیكەوتووە، هەرچەندە بەپێی یاسا دەبوو تا 6ی شوبات یەكەم دانیشتن بكات و پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری سەرۆك هەڵبژێرن.


PM:07:53:02/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت