وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان: له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی كورسی پێكهاته‌كان نین

‌دلێر عه‌بدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی

وێستگه‌نیوزـ

دلێر عه‌بدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگه‌یاند، نەدەبو کۆتای پێكهاتەكان بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە، ده‌شڵێت، پێویست بو نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان بچێتە پەرلەمانەوە.


دلێر عەبدولخالق، لە دیمانەیەکی کەناڵی کەی ئێن ئێن باسی لە تێڕوانینی بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و پێیوایە بڕیارەكان كاریگەری باشی بۆ مووچەخۆران هەیە و هەر بڕیارێكیش ببێتە هۆی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پشتگیری دەكەن، هەرچەندە نەیشاردەوە کە بەشێک لەو بڕیارانە دەسەڵاتی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم كەمدەكاتەوە.

سەبارەت بە پرسی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دیاریکردنی سیستمی هەڵبژاردن، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتی کردەوە کە سێ ساڵ پێش ئێستا هەمواریان بۆ یاسای هەڵبژاردن پێشكەشكرد و ئەگەر پڕۆژەكەی گۆڕان قبوڵبكرایە ئێستا دامەزراوەیەكی عێراقی نەدەهات بڕیار لەسەر هەڵبژاردن بدات، بەڵام گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن بۆ چوار بازنەیی گرنگە و كارێكی باشە.

باسی له‌وه‌شكرد، "ئەوەی پێمان باش نیە هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکانە، ئەگەر ئەوە پاساوەکەی نادەستوریبونیەتی بۆ چی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان کورسی کۆتا هەیە، بۆچی ئەمە بۆ دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ رەوایە بۆچی بۆ هەرێمی کوردستان رەوا نییە".

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداریدا لەوەی ململانێ حزبییەكان بونەتە هۆی ئەوەی هەرێم بكەوێتە بۆشایی یاساییەوە و پێویستە لە زووترین كاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، نەشیشاردەوە کە ئەگەر بێت و كۆدەنگی و یەكڕیزی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکاندا نەبێت، هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی زۆر گەورەدایە.


AM:11:03:26/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت