سێ رۆژی دیكه‌ لێخۆشبوونی سزاو قه‌رزه‌كانی هاتوچۆ كؤتايي ديَت

‌کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕەوی ئۆتۆمبێل خاڵ بۆ خاڵ

وێستگه‌نیوزـ

سێ رۆژی دیکە ئەو ماوەیە تەواو دەبێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوونی رێژەی 20٪ی قەرز و سزاکانی هاتوچۆ دیاری کردووە و حکومەتیش دەڵێت سزادانی دارایی یەکێکە لە رێگەکانی کەمکردنەوەى رووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان.


ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی شوباتی 2024، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، بڕیارى لێخۆشبوونی 20%ـى قەرز و پێبژاردنی سزاکانی هاتوچۆی هاووڵاتییان، تا رۆژی چوارشەممە 28ی شوباتی 2024، بەردەوام دەبێت.

بڕیاری لێخۆشبوون، لە رۆژی 28ى ئابی 2023 بەرکار بووە و دواتریش تا 28ى شوباتى 2024، درێژ کرایەوە، ئەمەش وەک هاوکارییەکی هاووڵاتییان و هاندانیان بۆ پاکتاوکردنی قەرز و پێبژاردنەکانیان.

بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوى تەندروستیی جیهانی، رووداوەکانى هاتوچۆ هەشتەم هۆکارى مردنن، ساڵانە 1.3 ملیۆن کەس بە رووداوەکانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن و 50 ملیۆن کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام دەبن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری راشیگەیاندووه‌، رێوشوێنی تۆمارکردنی سەرپێچی و سزادان و پێبژاردنی دارایی سەرپێچیکارانی هاتوچۆ، یەکێکە لە رێگەکانی کەمکردنەوەى رووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.


PM:02:17:25/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت