ههولێر..بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی دیداری "ژن و دیپلۆماسی" بەڕێوچوو
وێستگه نیوزـ
لهمیانی بهشداریكردنی له دیداری "ژن و دیپلۆماسی"، كه له شاری ههولێر بەڕێوچوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هەرچەندە بواری دیپلۆماسی بۆ ژنانی کورد بوارێکی نوێیە، بەڵام ژنانی کورد دەتوانن بە هەوڵ و ماندووبوونی زیاتر لەم بوارەشدا تواناکانی خۆیان بسەلمێنن.
نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵهبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی ژنی بیانی لە باڵوێزخانە و کۆنسوڵخانەکانی وڵاتان لەعێراق و هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ژنی کوردیش بەشداربوون و تیایدا باس لە رۆڵ و پێگەی ژنان لە بواری دیپلۆماسی کرا.
له وتهیهكدا، قوباد تاڵهبانی باسی لە گرنگیی بەشداری ژنان کرد لە هەموو بوارەکاندا و لەناویشیاندا لە بواری دیپلۆماسیدا، ئهوهش بە ئاماژەدان بە چەندین نمونەی سەرکەوتوو لە دیپلۆمەتکارانی ژن لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکەدا رایگەیاند ژنان سەلماندوویانە وەکچۆن لە زۆربەی بوارەکانیدیکە توانیویانە سەرکەوتووبن، لە بواری دیپلۆماسیشدا دەتوانن سەرکەوتووبن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانیان بکەن.
قوباد تاڵەبانی داوایکرد ژنە دیپلۆماتکارەکانی کورد، کۆسپ و گرفتەکان ساردیان نەکاتەوە و بەردەوام بن لە پەرەپێدانی تواناکانی خۆیان، وەکچۆن ژنانی دیپلۆماتکاری وڵاتانی دیکە بە ماندووبوون و پێداگری زیاترەوە توانیویانە لە بواری دیپلۆماسیشدا سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنن.
ههر لە دیدارەکەدا ژنە دیپلۆماتکارە بیانییەکانیش باسیان لە ئەزمونی بەشداری ژنان لە دیپلۆماسی وڵاتەکانی خۆیان کرد و ئاماژەیاندا بە کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم دیپلۆماتکارانی ژن. خۆشحاڵی خۆشیان دەربڕی کە لە کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی لەم شێوەیە دەبەسترێت و ستایشی هەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیان کرد لە پشتگیریکردنی ژنان بۆ بەشداریکردنی زیاتر لە بواری سیاسەت و دیپلۆماسیدا.
PM:02:46:23/02/2024
ئهم بابهته 1176
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت