سەعدی پیرە: شه‌ڕی دژی توركیا له‌ سنووری دهۆك و ئامێدییه‌ به‌ڵام یه‌كێتی تۆمه‌تبار ده‌كرێت

‌سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی

وێستگه‌نیوزـ

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی رایگه‌یاند، حزبه‌كه‌ی لە سەر باوەڕی مام جەلال درێژە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و وڵاتانی دراوسێ دەدات و ده‌ڵێت، شەڕ‌ دژی توركیا لەسنووری دهۆك و ئامێدییە، بەڵام یەكێتی تۆمەتبار دەكرێت كە بیانوی بێ بنەمان.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند: "لەسەر راسپاردەی مام جەلال یەكێتی لە پەیوەندییە هەرێمایەتی و سیاسەتە نێودەوڵەتییەكانیدا بایەخی زۆر بە جوگرافیا دەدات، چونكە جوگرافیا نەگۆڕ‌ە، هەربۆیە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا هەرچۆنێك بێت دواجار دراوسێمانەو دەوڵەتێكی گەورەیە لەناوچەكە".

"یەكێتی نایەوێت هەڕەشە بێت بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێی، ئەو تۆمەتانەشی لەبارەی هاوكاریكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پە*كە*كە) ئاڕ‌استەی یەكێتی دەكرێن بەهانەی بێماناو بێبەهان، چونكە شەڕ‌ دژی توركیا لە سنووری دهۆك و ئامێدییە، بەڵام یەكێتی تۆمەتبار دەكرێت" وتەبێژی یەكێتی وایوت.

سەعدی ئەحمەد پیرە راشیگەیاند: "توركیا تا ئێستا نەیتوانیوە لەناو شارەكانی خۆیدا چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ پارتی كرێكاراندا بكات، چۆن دەتوانێت داوای چارەسەر لە هەرێمی كوردستان بكات، لەكاتێكدا حكومەتی توركیا توانای ماددی زۆرو جۆرەها چەكی پێشكەتوو و بەكارهاتووی هەیە".

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونیكردەوە كە، "یەكێتی بانگهێشتی (پە*كە*كە)ی بۆ هەرێمی كوردستان نەكردووەو پێمانخۆش نییە هیچ هێزێك هەبێت لەدژی وڵاتانی دراوسێ و توركیا چالاكی بكات و بگەڕ‌ێتەوە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە شەڕ‌و روبەڕ‌وبوونەوە بژاردەیەكی سەركەوتوونییە، بۆیە توركیا دەتوانێت بەرێگەیەكی دیكە كێشەكانی لەگەڵ پارتی كرێكاراندا چارەسەر بكات".

سەبارەت بە كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیادا، پیرە رایگەیاند: "قوباد تاڵەبانی بە هاكان فیدان-وتووە، ئامادەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ توركیادا، بەڵام ئێوە داوای شتێكمان لێدەكەن كە بوونی نییە و سنوورو ناوچەی دەسەڵاتی ئێمە لەتوركیاوە دوورەو یەكێتی هێزی نەناردووەتە سەر توركیا و دوژمنایەتی ناكات، چونكە سوودی بۆمان نییە".

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  ئاماژەی بەوەدا كە سەرۆك رەجەب  تەیب ئەردۆغان و هیچ دەسەڵاتدارێكی دیكەی توركیا شتێكی نوێیان لەدژی یەكێتی نەوتووە، دەڵێت: "ئەوەی بەناوی سەرۆكی توركیاوە لەچەند رۆژی رابردوودا لە كەناڵێكی دیارییكراو بڵاوكرایەوە، هەوڵی شكستخواردووی نەیارانی یەكێتییە و بۆ ئێمەش نوێ نییە و یەكێتی لەرابردوودا بەڕەسمی وەڵامی سەرۆكی توركیای داوەتەوە".


PM:02:53:19/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت