بە وێنە.. لە هەولێر یادی شەهیدانی یەکی شوبات کرایەوە

‌دیمەنێک لە مەراسیمەکە

وێستگه‌نیوزـ

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ لە هەولێر رێوڕەسمێک سازکرا و تیایدا تاجەگوڵینە لەسەر مۆنیومێنتی شەهیدەکان دانی یه‌كی شوبات دانرا، هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش په‌یامی خۆیان راگه‌یاند.
 
لە 1ـی شوباتی ساڵی 2004 کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، دوو تەقینەوەی خۆکوژی روویاندا. بەهۆی تەقینەوەکانەوە 103 کەس لە هەردوو بارەگا شەهید بوون و 246 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ بۆ یادکردنەوەی شەهیدەکان لەبەردەم مۆنیومێنتی شەهیدانی یەکی شوبات لە پارکی سامی عەبدولرەحمان لە هەولێر سازکرا، سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی شەهیدەکان، دەستیپێکرد، دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "تاجەگوڵینەی رێز و وەفای" لەسەر مۆنیومینتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا، دواتر دڵشاد شەهاب بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاجەگوڵینەی لەسەر مۆنیومینتەکە دانا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی شوباتی 2024، رایگەیاند: "به‌ شكۆوه‌ یادى هه‌ڤاڵان و هاوكارانمان، شه‌هیدانى نه‌مرى یه‌كى شوبات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و سه‌رى رێز و نه‌وازشیان بۆ داده‌نوێنین". 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها وتی: "با یادى شه‌هیدان كه‌ پۆلێك سه‌ركرده‌ و كادیرى دیار و به‌تواناى پارتى و یه‌كێتى و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ و خه‌ڵكى كوردستان بوون و كرانه‌ ئامانجى تاوانێكى ڕه‌شى تیرۆرستى، بكه‌ینه‌ هه‌وێنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن و كارى پێكه‌وه‌یى بۆ خزمه‌تكردنى باشترى ئێستا و داهاتووى گه‌ل و نیشتمان". 
  
هاوات مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا بەو بۆنەیەوە، ئەمڕۆ رایگەیاند: "كارەساتی 1ـی شوبات كۆستێكی گەورە بوو بۆ میللەتەكەمان، هاوكات پەیام و راچڵەكینێكی مێژووییش بوو بۆ بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان كە تیرۆرستان و دوژمنانی گەلەكەمان بێ جیاكاری نێوان رەنگەكانمان، وەك یەك نەتەوە دەمانكەنە ئامانجی لەنێوبردن و كوشتن و جینۆساید".
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، کارەساتی یەکی شوبات، "زیان و كۆستێكی گەورە بوو لە میللەتەكەمان لە عێراقی پاش كەوتنی دیكتاتۆری كە رووی لە داڕشتنی پڕۆسەیەكی سیاسی نوێ، دیموكراسیی و فیدراڵی بوو، لە هەمان كاتدا پەیام و راچڵەكینێكی مێژووییش بوو بۆ بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی كە تیرۆرستان و دوژمنانی گەلەكەمان، بێ جیاوازی بارەگای مەڵبەند و لق، بێ جیاكاری لەنێوان یەكێتی و پارتی و رەنگەكانمان، وەك یەك نەتەوە و یەك چارەنووس دەمانكەنە ئامانجی لەنێوبردن و كوشتن و جینۆساید، بۆیە بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتێكی وەها، جگە لە ئاگایی و چاوكراوەیی زیاتری ئەمنی، پێویستی بە یەكڕیزی و یەك ھەڵوێستیی بەردەوامی هەموو لایەكمانە، بەتایبەتی لەمڕۆدا كە هەڕەشەی هەمەجۆری سەر ئەزموونەكەمان لێمان دەخوازێ پێكەوە تەگبیری هاوبەش و دەستپێشخەری بنیاتنەرانە بگرینەبەر و هەڕەشەكان بكەینە دەرفەتێكی گونجاوتر بۆ داهاتوومان".


PM:12:08:01/02/2024














ئه‌م بابه‌ته 1148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت