ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام ده‌دات

‌ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک - وێنە: ئەرشیف

وێستگه‌نیوزـ

پارێزگای کەرکوک لە نووسراوێکدا وادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای دیاریکرد و لە رێگەی ئیدارەی ئەنجومەنەکەشەوە داوای ئاگادارکردنەوەی ئەندامەکانی کردووە ئامادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بن.

نووسینگەی پارێزگای کەرکوک ئەمڕۆ سێشەممە 30ی كانوونی دووه‌می 2024، نووسراوێکی هاوپێچ لەگەڵ ناوی ئەندامە دەرچووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاراستەی هەر یەک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەشی کارگێڕی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کردووە، داوای لە سەرجەم ئەندامە دەرچووەکان کردووە، کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 1ی شوباتی 2024، ئامادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بن.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ 29ی كانوونی دووه‌م، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاساییان خوارد.

رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى پەسەند کرد، کە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی بۆ کرا.
 
ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە 16 ئەندام پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا و 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کرستیانەکان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.
 
بەگوێرەى یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانى عێراق دەبێت 15 رۆژ لە دوای پەسەندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکان، پارێزگارى شارەکە دەبێت داواى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى نوێ بکات، ئەگەرنا لە رۆژى 16یەمیندا ئەنجومەنەکە دەسەڵاتى ئەوەى هەیە بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامى کۆببێتەوە.


AM:11:47:30/01/2024


ئه‌م بابه‌ته 704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت