هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: له‌ سبه‌ینێوه‌ ده‌ست به‌ رێكاره‌كانی دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوزـ

پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ پێشوازییان له‌ تیمێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كردوه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پرۆژه‌ی (هه‌ژماری من)، راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌وه‌ ده‌ست به‌ رێكاره‌كانی دابه‌شكردنی موچه‌ بكرێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێك كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاندوه‌، لە دیوانی پارێزگادا پێشوازیی کردوه‌ لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە پڕۆژەی (هەژماری من) و وەفدی هاوڕێی.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، وه‌زیری دارایی هه‌رێم باسی له‌ بایەخی سیستمەکە (پرۆژه‌ی هه‌ژماری من) و دەستپێکردنی پڕۆژەکە له‌ شاری سلێمانی و هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان كردوه‌ بۆ دابینکردنی بودجەو مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

پارێزگاری سلێمانی راشیگه‌یاندوه‌: "وابڕیارە لە سبەینێوە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچە دەستپێبکەن."

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستكردن به‌ پۆرژه‌ی (هه‌ژماری من) له‌ پارێزگای سلێمانی، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، بەئامادەبوونی جێگرانی پارێزگاری سلێمانی، پێشوازیکرد لە مەولود سابیر بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان و د.ماکوان جەمیل مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و تیمی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە پڕۆژەكه‌.

وه‌ك پارێزگاری سلێمانی ده‌ڵێت: "لە دیدارێکدا ڕێکاری پێویست بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دیاریکرا."


PM:03:12:24/01/2024


ئه‌م بابه‌ته 3836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت