ئاری هه‌رسین له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك: دوو كورسییه‌كه‌ی پارتی زۆر له‌ شه‌ش كورسییه‌كه‌ی یه‌كێتی زیاتره‌


وێستگه‌ نیوزـ

ئاری هه‌رسین، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له‌ شاری كه‌ركوك كرد و پێی وایه‌ ئه‌و دوو كورسییه‌ی حزبه‌كه‌ی به‌ده‌ستیهێناوه‌، زۆر له‌و شه‌ش كورسییه‌ باشتره‌ كه‌ یه‌كێتی بردویه‌تییه‌وه‌.

له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی كوردستان24، ئاری هەرسین لەبارەی کورسیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک، وتی:  لە 16 ی ئۆکتۆبەرەوە ئێمە لە کەرکوک و دەوروبەری قەدەغە بووین، رێکخستنەکانی ئێمە وەک سەردەمی بەعس کاریان دەکرد، چونکە هەر سێ کوچکەی بەعسیان لە تەعریب و تەعبیس و راگواستن و بە بەعسیکردن بەردەوام بوو و ئێستا بۆتە تەحشید کردن، شەش ساڵ رێکخستنەکانی پارتی بە نهێنی کاریان کردووە لە کەرکوک.

وتیشی: "ئێمە باجی هەڵوێستی نیشتیمانی سەرۆک بارزانی، هەڵوێستی نیشتیمانی پارتی دیموکراتی  کوردستان لە پرسی ریفراندۆم و شەڕی پردێ، شەڕی گوێڕ و سحێلا دەدەینەوە  کە نەمانهێشت داگیر کەر بێتە پێشەوە."

ناوبراو پێی وایه‌ بە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ هیچ پارتێک ناتوانێت ئەوە بکات کە پارتی لە کەرکوک کردویەتی وتی: "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەو ماوەیە لە کەرکوک بوون و هاتوچۆیان کردووە ئینجا شەش کورسیان بەدەستهێناوە، دوو کورسیەکەی پارتی زۆر لە شەش کورسیەکەی یەکێتی زیاترە "

به‌وته‌ی ئاری هه‌رسین: "ئەو بارودۆخەی لە کەرکوک رویداوە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ئەوە وای کرد زەبرێکی گەورە بەر کورد و کەرکوک و کوردستان بکەوێت، بارودۆخی ئێستای کەرکوک ئەنجامی ئەتواری دەوڵەتی عێراقە بەرامبەر خەڵکی کوردستان لە 16ی ئۆکتۆبەر بە یارمەتی هاوپەیمانەکانی."

ئاری هەرسین پێیشی وایه‌ کوردیش خەتابارە لەو بارودۆخەی لە کەرکوک هاتوه‌تە پێشەوە و دەڵێت: هەموو جارێک کە شکستمان هێناوە لە هەوڵدان بۆ ئەو ئامانجانەی هەمانە، پەرتەوازەیی خۆمان بووە، ئێمە یارمەتی خەڵکی تەماحکارمان داوەو وه‌ك ناوبراو ده‌ڵێت: لایەنی ئیقلیمی کە دەستی هەبووە لە 16ی ئۆکتۆبەر، چۆن دەستی نابێت لە هەڵبژاردندا لە کەرکوک، چونکە عێراق وڵاتێکی سەقامگیر و سەربەخۆ نیە، لەژێر کاریگەری زۆر لایەنی دەرەکیدایە.

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، ئاری هەرسین باسی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "بەبەرچاوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە لە 16ی ئۆکتۆبەر تەعریب کراوە، بەبەرچاوی یەکێتی هێرشکراوەتە سەر جووتیارانی کورد لە گوندەکانی کەرکوک، بە بەرچاوی یەکێتی خەڵک کراوەتە حەشدی شەعبی" و دەڵێت: بۆ کڕینەوەی ئەو زیانانەی بەر کوردستان و خەڵکەکەی کەوتووە دوای 16ی ئۆکتۆبەر، پێویستە ئێمە و یەکێتی بێینەوە سەر میتۆدی ئەوەی هەموومان بیر لەو میکانیزمانە بکەینەوە چۆن نەهێڵێن دیسان عەرەبێکی شۆڤینی ببێتەوە پارێزگاری کەرکووک، ئەگەر ئەوە روویدا، ئەوە ئێمە هیچ قەزیەکمان نامێنێت، ئەگەر ئەوە نەکەین، دەبێ ئێمە کەرکوک و خانەقین و مەندەلی لەبیر خۆمان و باوک و باپیرمان بەرینەوە.


PM:10:44:30/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت