ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌ كه‌ركوك


وێستگه‌نیوزـ

له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو زیاتر له‌ 32 هه‌زار ده‌نگیان به‌ ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام نه‌بوونه‌ خاوه‌نی كورسی.

ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه‌ 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقی راگه‌یاند.

به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كۆمسیۆن بڵاویكرده‌وه‌، هاوپه‌یمانی كه‌ركوك هێز و ئیراده‌مانه‌ كه‌ حزبی شیوعی و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوون توانیان 157 هه‌زار و 649 دەنگی بەدەستهێناوە و پێنج کورسیی بردووەتەوە و سه‌رجه‌میان كاندیده‌كانی یه‌كێتی بوون.

پارتی دیموكراتی كوردستان ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی 52 هه‌زار و 278 ده‌نگ بوو، كه‌ توانی دوو كورسی به‌ ده‌ستبهێنێت.

هاوکات جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە بە لیستی سەربەخۆ بەشداری کردبوو، 25 هەزار و 910 دەنگی بەدەستهێناوە، به‌ڵام نەبووە خاوەنی هیچ کورسییەک، هەروەها هاوپەیمانی مەشخەڵی کەرکوک (یەکگرتوو و کۆمەڵ) شەش هەزار و 879 دەنگیان بەدەستهێناوە.

رۆژی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکوک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی سێشەممە (19ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی لایەنەکانی لە ئەنجومەنی پارێزگاکان راگەیاند و لە کەرکوک لایەنە کوردییەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.


PM:10:10:28/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت