عیماد ئه‌حمه‌د: ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌ركی یه‌كێتی له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و كه‌ركوك قورستر كرد

‌عیماد ئه‌حمه‌د لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و هۆشیاری یه‌كێتیی

وێستگه‌نیوز-
لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و هۆشیاری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌ركی یه‌كێتی له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌گشتی‌ و كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی‌ قورستر كردووه‌، دووپاتیشیده‌كاته‌وه‌ كه‌ پۆستی‌ پارێزگاری كه‌ركوك ئیستحقاقی یه‌كێتی-یه‌


عیماد ئه‌حمه‌د لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و هۆشیاری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ ماڵپه‌ری‌ فه‌ڕمی‌ حزبه‌كه‌ی‌ PUKMEDIAی راگه‌یاند كه‌ "ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ ناكۆتاییه‌ی له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقه‌وه‌ له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق راگه‌یه‌ندراوه‌، ئه‌ركی یه‌كێتی له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ گشتی و كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی قورستر كردووه‌، چونكه‌ یه‌كێتی توانیویه‌تی له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش لێمان ده‌خوازێت ده‌ستی خزمه‌ت بۆ خه‌ڵك و  هاوپه‌یمانێتی بۆ لایه‌نه‌كان درێژ بكه‌ین".

 عیماد ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: "ئه‌ركمانه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌ ده‌نگده‌رانی خۆشه‌ویستی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌تایبه‌ت كه‌ركوكمان داوه‌، جێبه‌جێی بكه‌ین".
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "سیاسه‌تی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و پێكهاته‌ ره‌سه‌نه‌كانی كه‌ركوك پارێزگار و ئه‌نجومه‌نێك بۆ كه‌ركوك پێكبهێنێت كه‌ خزمه‌تكاری خه‌ڵكی شاره‌كه‌ بێت، بێگومان ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان هاوپه‌یمانمان بن بۆ نه‌ینه‌وا و پارێزگا جێناكۆكه‌كانی دیكه‌ش ئه‌و پلانه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ كه‌ركوك یه‌كێتی ده‌نگی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه‌ و ئیستحقاقی خۆیه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ پارێزگاری كه‌ركوك وه‌ربگرێت".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ رابردوودا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی له‌ كۆنگره‌ و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق به‌ده‌ستهێنا، به‌و رۆحیه‌ته‌شه‌وه‌ و به‌یه‌ك ده‌نگ كارده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و ئامانجمانه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ش له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ده‌ستبهێنین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانیش پلان و به‌رنامه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جێبه‌جێ بكه‌ین، كه‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكه‌ و بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش دامه‌زراوه‌".

عیماد ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاند كه‌ "وه‌ك چۆن له‌ رابردوودا به‌سه‌رۆكایه‌تی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یه‌كێتی جموجوڵی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عیراق هه‌بووه‌، له‌ ئاینده‌شدا جموجوڵی سیاسی زیاترمان ده‌بێت، كه‌ ته‌نها ئامانجمان خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی هه‌رێم و عیراقه‌ و له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لالیش كه‌ رێبازی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌یه‌، كاری پێكه‌وه‌ییمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌وێت، له‌پێناو به‌دیهێنانی ئازادی و ئارامی زیاتر بۆ عیراق و خزمه‌تی زیاتر بۆ گه‌لی خۆمان و عیراق به‌ گشتی".


PM:10:18:26/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت