شاخه‌وان عه‌بدوڵا: تیمی كوردی بۆ دانانی كه‌سێكی دڵسۆزی كورد وه‌كو پارێزگار له كه‌ركوك ده‌ستبه‌كاربن
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه هیواداره هه‌موولایه‌ك سوودی له هه‌ڵه‌كان وه‌رگرتبێت و هۆكاری دابه‌زینی ده‌نگی كوردیش هه‌ركه‌س و لایه‌نێك بێت سزای حزبی و یاسایی خۆی وه‌رگرێت، داواكاریشه تیمی كوردی بۆ دانانی كه‌سێكی دڵسۆزی كورد وه‌كو پارێزگار له كه‌ركوك ده‌ست به‌كاربن.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی پارتی له په‌یامێكدا رایگه‌یاند كه "ئه‌مڕۆ له‌دوای كۆتاییهاتنی جیاكردنه‌وه و ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگی تایبه‌ت له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق، ده‌مه‌وێت ئه‌وه رابگه‌یه‌نم كه دواجار كورسی كورد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پێویست و له‌ئاست خواستی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و كوردستانیانی ئه‌و ناوچانه نه‌بوو، جا هۆكاره‌كه‌ی هونه‌ری بێت یان بابه‌تی ته‌نزیمی و ته‌نانه‌ت كه‌مته‌رخه‌میش بێت".
شاخه‌وان عه‌بدوڵا ده‌ڵێت: "هه‌رچه‌نده له‌دوای 2005ه‌وه یه‌كه‌م جاره كورد له نیوه‌ی كورسییه‌كانی كه‌ركوك كه‌متر بهێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه توانرا له كه‌ركوك كورد وه‌كو پێكهاته زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ببات و به‌پله‌ی یه‌كه‌م بمێنێت".
جه‌ختیشی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه "بۆیه هه‌رچی زووه ده‌بێت تیمی كوردی بۆ گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر بۆ دانانی كه‌سێكی دڵسۆزی كورد وه‌كو پارێزگار له كه‌ركوك و پۆسته گرنگه‌كانی تریش له موسڵ و شاره‌كانی تر ده‌ست به‌كاربن و به‌رنامه‌یه‌كی چڕی هه‌مه‌لایه‌ن بۆ ئه‌و ناوچانه داڕێژن و له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر گفتوگۆیان له‌باره‌وه بكرێت".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "ماوه‌ته‌وه بلێم سوپاسی هه‌موو هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست و نیشتیمانپه‌روه‌ری كه‌ركوك و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكه‌م كه ده‌نگی خۆیان بۆ پاراستنی شوناسی ئه‌و ناوچانه‌دا".
شاخه‌وان عه‌بدوڵا ده‌شڵێت: "هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رجه‌م كاندیده‌كان بكه‌م كه شه‌و و رۆژیان خسته سه‌ریه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگ بۆ لیسته‌كه‌یان، سوپاسی تایبه‌تیش بۆ كادره دڵسۆز‌و خه‌مخۆره‌كان ئه‌وانه‌ی ئه‌ركی خۆیان به‌باشی جێبه‌جێ كرد".
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق راشیگه‌یاندووه كه "له‌كۆتاییدا هیوادارم هه‌موولایه‌ك سوودی له هه‌ڵه‌كان وه‌رگرتبێت و هۆكاری دابه‌زینی ده‌نگی كوردیش هه‌ركه‌س و لایه‌نێك بیت سزای حزبی و یاسایی خۆی وه‌رگرێت".
PM:09:05:24/12/2023
ئه‌م بابه‌ته 2756
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت