به‌رپرسێكی پارتی له كه‌ركوك: كه‌مال كه‌ركوكی هۆكاری دروستنه‌بوونی یه‌ك لیستی كورد بوو
دیمەنێک لە هەڵمەتی بانگەشەی پارتی لە کەرکوک
وێستگه‌نیوز-
به‌رپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان له كه‌ركوك، دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوك - گه‌رمیانی حزبه‌كه‌ی به هۆكاری تێكدانی یه‌كڕیزی كورد و دروست نه‌بوونی یه‌ك لیستی له‌و پارێزگایه تۆمه‌تبار ده‌كات، ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌شی له كه‌مال كه‌ركوكی گرت گوایه پێشبینییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵه بوون و به‌مه‌ش حیزبه‌كه‌ی دوورخستوته‌وه له به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی لیستێكی فراوانی هێزه كوردییه‌كانی له‌بار برد.
فه‌همی فایه‌ق، كارگێڕی لقی كه‌ركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ده‌نگی ئەمریکا وتی: "به‌رپرسی لقی كه‌ركوكی پارتی و 10 كارگێڕ لق ئاماده‌بووین بۆ یه‌ك لیستی حزبه كوردییه‌كان و یه‌كێتیش نه‌رمی نواند. 13 حزبی كوردستانیش ئاماده‌یی خۆیان بۆ یه‌ك لیستی نیشاندا، گه‌ر لیسته‌كه یه‌كێتی و پارتی پێكه‌وه تێدا بێت".
وتیشی: "به‌ڵام كه‌مال كه‌ركوكی حه‌زی به یه‌ك لیستی نه‌بوو، گوایه یه‌كێتی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌نجامداوه و ده‌نگ ناهێنێت. خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجامه‌كان هه‌ڵه‌بوو".
فه‌همی فایه‌ق له ئه‌نجامی ده‌نگه‌كانی كورد له كه‌ركوك نیگه‌رانه و ده‌ڵێت: "گه‌ر كورد یه‌ك لیستی هه‌بووایه، ره‌نگه 9 كورسیمان ببردایه‌ته‌وه. فره لیستی و په‌رته‌وازه‌یی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌بوو. هه‌ڵه‌كه‌ش له كه‌مال كه‌ركوكی بوو، ئه‌گینا یه‌كێتی نه‌رمی نواند".
ده‌شڵێت: "كه‌مال كه‌ركوكی ده‌بووایه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی گفتووگۆی بكردایه و دواتر بیگوتایه له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه ناچینه لیستێكه‌وه له‌گه‌ڵیان، نه‌ك به بێ گفتووگۆ و دانیشتن یه‌ك لیستی ڕه‌تبكاته‌وه".
به‌وته‌ی كارگێڕه‌كه‌ی پارتی له كه‌ركوك، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئێستا لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه بۆ لێكۆڵینه‌وه له ده‌ره‌نجامه‌كان و وه‌رگرتنی سكاڵای "زۆری" كادیرانی.
له به‌رامبه‌ردا كامه‌ران كه‌ركوكی، كادیرێكی پێشكه‌وتووی پارتی و ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له لیستی پارتی، ره‌تیكرده‌وه كه‌مال كه‌ركوكی هۆكاری تێكدانی یه‌كڕیزی كورد بووبێت و به ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند، "دكتۆر كه‌مال كادیرێكی كارایه، پڕوپاگه‌نده‌ی له دژ ده‌كرێت".
كامه‌ران كه‌ركوكی نكۆڵی نه‌كرد له نیگه‌رانی پارتی له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان و وتی: "سستییه‌ك هه‌بوو، هۆكاره‌كه‌ی نازانم. ده‌نگی پارتی له‌كه‌ركوك له‌نێوان 60 بۆ 70 هه‌زار ده‌نگدایه..ده‌بووایه پارتی به‌لای كه‌مه‌وه 75 هه‌زار ده‌نگی بهێنایه".
به‌رپرسانی پارتی له كه‌ركوك له چه‌ند مانگی ڕابردوودا چه‌ندین جار وتویانه له‌گه‌ڵ "خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر" كۆنابنه‌وه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ یه‌كێتی و رۆڵی له‌و شاره‌دا دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی مانگی ده‌ی ساڵی 2017.
له نه‌ورۆزی ئه‌مساڵیش، له كاتێكدا حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كه‌ركوك له‌سه‌ر قه‌ڵای دێرینی شاره‌كه ئاهه‌نگی نه‌ورۆزیان ئه‌نجامدا، پارتی به جیا و له ناو پاركی بابه‌گوڕگوڕ ئاهه‌نگی گێڕا. ئه‌وكات كه‌مال كه‌ركوكی هۆكاری هه‌ڵوێسته‌كه‌ی پارتی گێڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی "ئه‌و لایه‌نه‌ی ڕۆڵی هه‌بووه له 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌یویست وتاری سه‌ره‌كی بخوێنێته‌وه".
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێژگاكانیش، هه‌وڵه‌كانی حزبه كوردییه‌كانی كه‌ركوك بۆ دروستكردنی لیستێكی یه‌كگرتوو بۆ هه‌ڵبژاردن له ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵه‌وه چڕتر بوونه‌وه.
ئه‌و كات، مه‌سعود مه‌لا په‌روێز، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی له‌كه‌ركوك، رایگه‌یاند كه "وه‌كو پارتی ناتوانین له‌گه‌ڵ خیانه‌تكاران به‌یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، چونكه جه‌ماوه‌ر لێمان قه‌بوڵ ناكات".
مانگی حه‌وتیش لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانیان بۆ دروستكردنی لیستێكی هاوبه‌ش وتی: "دوو جار ده‌ستپێشخه‌ریمان كردووه بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پارتی، به‌ڵام هه‌ڵوێستیان ئه‌رێنی نه‌بوو".
به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن، كورد له كه‌ركوك 7 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌ده‌ستهێناوه، له‌كاتێكدا عه‌ره‌ب و توركمان پێكه‌وه 8 كورسییان مسۆگه‌ر كردووه، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره له ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا ژماره‌ی كورسییه‌كانی ئه‌و دوو پێكهاته له‌كورد زیاتر بێت.
پارتی له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا 2 كورسی له كۆی 15 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ده‌ستهێناوه، له‌كاتێكدا یه‌كێتی 5 كورسی مسۆگه‌ر كردووه، ئه‌مه‌ش كادیرانی ئه‌و حزبه‌ی نیگه‌ران كردووه.
كارگێڕ لقه‌كه‌ی كه‌ركوكی پارتی پێیوایه دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، روونبۆته‌وه كه ده‌نگده‌ری پارتی و لایه‌نه‌كانی تری كورد له كه‌ركوك یه‌كگرتووییان ویستووه.
فه‌همی فایه‌ق له‌مباره‌وه ئاماژه‌ی به خۆپیشاندانی به‌شێك له دانیشتوانه كورده‌كه‌ی كه‌ركوك له مانگی 9ی ئه‌مساڵ كرد، كاتێك له دژی داخستنی ڕێگه‌ی نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێر له‌لایه‌ن لایه‌نگرانی لایه‌نه عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كانه‌وه خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداو 4 خۆپیشانده‌ری كورد كوژران، وتی: "له‌هه‌موو دونیا نوخبه‌ی سیاسی خه‌ڵك ئاراسته ده‌كات، به‌ڵام خه‌ڵكی كه‌ركوك سیاسییه‌كانیان ئاراسته‌كرد. دوای خۆپیشاندانه‌كه پارتی باره‌گاكانی وه‌رگرته‌وه و جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی به‌خشییه زانكۆی كه‌ركوك. بۆیه ده‌بێت ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كه‌ركوك بكه‌ین كه یه‌كگرتووییه".
ئه‌و وتیشی: "له‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2010 له‌كه‌ركوك، 47 هه‌زار ده‌نگمان هێنا و له هه‌ڵبژاردنی 2014ش 63 هه‌زار ده‌نگمان هێنا. له هه‌ڵبژاردنی 2021 دوو كورسی په‌رله‌مانمان برده‌وه و 49 هه‌زار ده‌نگمان به‌ده‌ستهێنا، كه‌چی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 46 هه‌زار ده‌نگمان هێناوه. گه‌ر پارتی پاشه‌كشه‌ی نه‌كردبێت خۆ گه‌شه‌شی نه‌كردووه، له‌كاتێكدا دۆخی پارتی له‌كه‌ركوك زۆر له پێشه و ئه‌مه قابیلی قه‌بوڵ نییه".
نیگه‌رانییه‌كانی چه‌ند سه‌ركرده و كادیرێكی پارتی له كه‌ركوك پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ریان هه‌ڵدا و له ناوه‌ڕاستی مانگی ده‌ش ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاوكرایه‌وه گوایه پارتی كه‌مال كه‌ركوكی دوورخستۆته‌وه.
ئه‌وكات هێمن هه‌ورامی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، له چاوپێكه‌وتنێكی كورتی ته‌له‌فزیۆنی هه‌ردوو كه‌نالێ كوردستان 24 و كوردستان تی ڤیدا له‌گه‌ڵ كه‌مال كه‌ركوكی ده‌ركه‌وت و ڕایگه‌یاند كه‌مال كه‌ركووكی "داوای مۆڵه‌تێكی كردبوو كه خۆی و خێزانه‌كه‌ی بڕواته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نه‌ریتیش وایه كاتێك به‌رپرسی یه‌كه‌م له هه‌ر ئۆرگانێك مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌بات، به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ی كاك كه‌مال پێش ره‌زامه‌ندی كۆتایی له‌باره‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌ی بدرێت، به جۆرێكی دیكه لێكدرایه‌وه كه دووره له راستییه‌وه، مۆڵه‌ته‌كه‌ی كاك كه‌مال له سه‌ركردایه‌تی ئێمه‌وه قبووڵ نه‌كراوه، بۆیه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و چه‌واشانه‌ی كراوه كاك د. كه‌مال كه‌ركوكی له ئه‌ركی خۆی به‌رده‌وامه".
له ده‌ركه‌وتنه ته‌له‌فزیۆنییه‌كه‌دا كه‌مال كه‌ركوكی ده‌نگۆی دوورخستنه‌وه‌كه‌ی به پڕوپاگه‌نده‌ی "خیانه‌تكاران" لێكدایه‌وه و وتی: "ئێمه هه‌موومان پێشمه‌رگه‌ی كاك مه‌سعود بارزانین، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك سزاش بدرێت گه‌وره‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كردیان بۆ چه‌واشه‌كارییه".
به‌ڵام دوای ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ش، ناڕه‌زاییه‌كان له ناو ئه‌ندامانی حزبه‌كه له كه‌ركوك به‌رده‌وام بوون. به‌چه‌ند ڕۆژێك پێش به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، دوو كاندیدی پارتی كه یه‌كێكیان به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و حزبه بوو له‌كه‌ركوك، كشانه‌وه‌ی خۆیان ڕاگه‌یاند و چوونه نێو یه‌كێتی، ئه‌مه‌ش بووه‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تی زیاتر له نێو كادیرانی كه‌ركوكی پارتی دا.
فه‌همی فایه‌ق، كارگێڕی لقی كه‌ركوكی پارتی، وتی: "كادیرێكی زۆری پارتی له‌سه‌ر خراپی ئه‌نجامی حزب له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له سۆشیال میدیا ڕه‌خنه ده‌گرن، بۆیه لیژنه‌یه‌ك له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه بۆ وه‌رگرتنی سكاڵا پێكهێنراوه".
ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا زانیویه‌تی كه یه‌كێك له نیگه‌رانییه‌كانی ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌سه‌ر چۆنییه‌تی ده‌ستنیشانكردنی كاندیدانی حزبه‌كه‌یان بوو بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و پێیانوابوو هه‌ندێك له كاندیده‌كان "به‌هێز" نه‌بوون.
له‌وباره‌یه‌وه فه‌همی فایه‌ق وتی، "وه‌كو لقی كه‌ركوك ڕه‌نگه هه‌ندێك له كاندیده‌كان هه‌ر نه‌ناسین، تێیاندایه ماڵی له كه‌ركوك نه‌بووه و شاره‌زای گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوكیش نییه، ده‌نگده‌ر نایانناسێت، ئیتر چۆن ده‌نگ ده‌هێنن."
راشیگه‌یاند كه "زۆرێك له كاندیده‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كه‌ركوكه‌وه دانرابوون، ئه‌مه‌ش گرفتبوو".
AM:08:33:23/12/2023
ئه‌م بابه‌ته 1180
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت