جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگی سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی كه‌ركوك كۆتایی هات و ده‌نگی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان زیادی كرد


وێستگه‌ نیوزـ

پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگی ئەو 112 وێستگەیەی کەرکوک کۆتایی هات و به‌گشتی ده‌نگی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی به‌شداربوو له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شاره‌ زیادی كرد، له‌ نه‌ینه‌واش به‌پێی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگی وێستگه‌ كێشه‌داره‌كان، یه‌كێتی و پارتی ده‌نگیانیان زیادی كردوه‌.

به‌گشتی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌ كوركوك زیاترله‌ 15 هه‌زار ده‌نگ و پارتی دیموكراتی كوردستانیش له‌ نه‌ینه‌وا نزیكه‌ی 10 هه‌زار ده‌نگ زیادی كردوه‌ و پێده‌چێت پارتی كورسییه‌كی دیكه‌ له‌و شاره‌ زیاد بكات، به‌ڵام سامان ره‌شید، رێگه‌پێدراوی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركوك تایبه‌ت وتویه‌تی" ئه‌نجامه‌كان هاوتای ئه‌و ئه‌نجامانه‌ن، كه‌ له‌ هه‌ژماركردنی ئه‌لیكترۆنی به‌ده‌ستهاتوون و ئه‌نجامه‌كان به‌ نه‌گۆڕی ماونه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی رووداو، له‌ 112 وێستگەكه‌ی کەرکوک، واته‌ ئه‌و وێستگانه‌ی كه‌ رۆژی دەنگدانی تایبەتدا بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە جیانەکرابوونەوە، بەپێی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی بۆ دەنگەکان، یەکێتی زۆرینەی دەنگەکانی ئەو وێستگانەی بردووە، بە گشتیش زیاتر لە 6300 دەنگی لایەنە کوردییەکان زیاد بووه‌، لایەنە عەرەبییەکانیش نزیکەی 4,500 دەنگی دیکەیان زیاد کرد، هەرچی تورکمانەکانن زیاتر لە 2,800 دەنگیان زیادی کرد به‌مجۆره‌ی خواره‌وه‌:

یەکێتی: 4,390 دەنگ
پارتی: 1,629 دەنگ
هاوپەیمانیی عەرەبی: 2,247
قیادە: 1,083 دەنگ
هاوپەیمانیی عروبە: 1,153
نەوەی نوێ: 334 دەنگ
بەرەی تورکمانی: 1,888
کەرکووکنا: 998 دەنگ
ئەنجیل: 45 دەنگ
ئەمیل بتریس: 46 دەنگ

سه‌باره‌ به‌ وێستگه‌كانی نه‌ینه‌واو بەپێی ئەو داتایانەی كه‌ناڵه‌كه‌ لە ژماردنی دەنگەکانی وێستگە کێشەدارەکان دەستی کەوتوون، پارتی و یه‌كێتی ده‌نگه‌كانیان زیادی كردوه‌و پارتی نزیکەی 10 هەزار دەنگی دیكه‌ی بۆخۆی مسۆگه‌ر كردوه‌، ئەمەش ئەگەری بردنەوەی کورسییەکی دیکەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ئەو حزبە زیاتر دەکات، کە تائێستا چوار کورسی بردوەتەوە، زیادكردنه‌كه‌ش به‌مجۆره‌ بووه‌:

پارتی: 5,758 دەنگ
یەکێتی: 2,424 دەنگ

هاوكات سامان ره‌شید، رێگه‌پێدراوی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركوك به‌ كه‌ناڵی كوردستان24ی رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ 112 وێستگه‌ی ده‌نگدان له‌ كه‌ركوك كراوه‌ و ئه‌نجامه‌كان هاوتای ئه‌و ئه‌نجامانه‌ن، كه‌ له‌ هه‌ژماركردنی ئه‌لیكترۆنی به‌ده‌ستهاتوون.

وتیشی، پێناچێت هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ كورسیی پێكهاته‌كاندا بكرێت، كه‌ پێشتر راگه‌یه‌ندراون، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌نجامه‌كان به‌ نه‌گۆڕی ماونه‌ته‌وه‌، داواشیكرد، هه‌رچی زووه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانه‌وه‌ پێداچوونه‌وه‌ بۆ سكاڵا و تانه‌كان بكرێت و ئه‌نجامه‌كان رابگه‌یه‌ندرێن.


PM:08:06:22/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 3176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت