به‌رپرسێكی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك: مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ راكان جبووری ناكه‌ین


وێستگه‌نیوزـ

بەرپرسی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکوک و سەلاحەدین دەڵێت، سبەینێ ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دەخرێتە سەر دەنگە گشتییەکان و ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕانی نەخشەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا، دەشڵێت، "ئێمە لە رابردوودا مامەڵەمان لەگەڵ راکان جبووری نەکردووە و لە داهاتووشدا مامەڵەی لەگەڵ ناکەین".
 
ئه‌مڕۆ چوارشەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2023، شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکوک و سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ رووداوی راگه‌یاند: "ئەو ئەنجامەی دوێنێ کۆمسیۆن رایگەیاند، ئەنجامی بەرایی دەنگدانی گشتی بوو و بەهۆی ئەو کێشەیەی لە ئامێرەکاندا روویاندا، سبەینێ ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دەخرێتە سەر دەنگی گشتی و ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئەنجامەکان". 

وتیشی: "پێشبینی ئێمە ئەوەیە دەنگی لیستەکەمان زیاد بکات و کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسییەکانی کورد لە کەرکوک دابنێت".
 
شێرزاد سەمەد دەڵێت، یەکێتی لە کەرکوک "دەنگی باشی بەدەستهێناوە، بەڵام دەنگێکی زۆری کورد لەو هەڵبژاردنەدا فەوتا کە ئەوەش پەیوەستە بەو لیستە کوردستانیانەی دیکە کە لە هەڵبژاردنی کەرکوک بەشدارییان کرد و وایکرد کورسی پێکهاتەکانی دیکە بەرزبێتەوە".
 
ئەو بەرپرسەی یەکێتی دووپاتیدەکاتەوە، "بە یاسای سانتلیگۆ نزیکەی 30 بۆ 35 هەزار دەنگی کورد فەوتاوە کە دەنگەکانی نەوەی نوێ و مەشخەڵ بوون، ئێمە پێشتر پێمان راگەیاندبوون کە با هەموومان لە لیستێک یان دوو لیستدا کۆببینەوە لەبەرئەوەی یاسای سانتلیگۆ دەنگەکانیان دەفەوتێنێت و دەچێتە بەرژەوەندی ئەو لیستانەوە کە دەنگی زیاتر دەهێنن".
 
راکان جبووری لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکوک بە میدیاکانی وتبوو دەستکاری ئەنجامی دەنگدانەکە کراوە و لە وەڵامدا بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی کەرکوک و سەلاحەدینی یەکێتی دەڵیت، "راکان جبووری لەم هەڵبژاردنەدا شکستێکی گەورەی بەرکەوتووە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو نادادپەروەرییەی لەکاتی دەسەڵاتدارێتیدا پەیڕەوی کردبوو، ئێستا نایەوێت دان بە شکستەکەیدا بنێت و پەنا بۆ ئەم قسانە دەبات".
 
لیستەکەی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک سێ کورسی بەدەستهێناوە.
 
بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە پێناو دانانی پارێزگاری کەرکووک، شێرزاد سەمەد ئاماژەیدا، "ئێمە لە رابردوودا مامەڵەمان لەگەڵ راکان جبووری نەکردووە و لە داهاتووشدا مامەڵەی لەگەڵ ناکەین".
 
بۆ دانانی پارێزگار بەر لە هەمووان، "لە دەرگای لایەنە کوردستانییەکان دەدەین"
 



PM:08:50:20/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو